Smiley face
Smiley face
Smiley face

قه‌یرانى دارایى بازاڕى کۆنه‌ى گه‌رم کردووه‌

2017-12-26 09:34:00



ڕۆژنیوز- ئاشتى ئه‌حمه‌د

 

بەهۆی قه‌یرانى دارایى و پێنه‌دانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ کاتى خۆیدا و به‌ شێوه‌یه‌کى ته‌واو، به‌شێک لە هاوڵاتیانی چەمچەماڵ بۆ کڕینى جلوبه‌رگه‌کانیان ڕوو له‌ بازاڕى کۆنه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ بازاڕى کۆنه‌ گه‌رموگوڕیى به‌خۆیه‌وه‌ ببێت.

 

بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی شارۆچکەی چەمچەماڵ-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بۆ پڕکردنه‌وه‌ى پێداوستییه‌کانیان بەتایبەت جلوبەرگ ڕوو له‌ بازاڕى له‌نگه‌ یاخود باله‌ ده‌که‌ن، که‌ بازاڕى کۆنه‌-شى پێده‌وترێت.

 

 

ئیڤان فه‌یسه‌ڵ، فرۆشیارێکە له‌ هه‌فته‌ بازاڕى گه‌وره‌ى چه‌مچه‌ماڵ و هۆکاری ڕوولە بازاڕی کۆنەکردنی هاوڵاتیان بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێنێتەوە و بەڕۆژنیوزی وت:"له‌ ڕابردوودا هه‌فتانه‌ حه‌وت بۆ شه‌ش باله‌ شلیفى گه‌وره‌ جلوبه‌رگى منداڵ و ژنانمان هه‌ڵده‌پچڕى، به‌ڵام به‌هۆى قەیران و کڕیاری زۆرەوە‌ ئێستا ڕۆژانه‌ دوو شلیفى گه‌وره‌ هه‌ڵده‌بچڕین".

 

ئیڤان فه‌یسه‌ڵ

 

لە هەفتەبازاڕی چەمچەماڵ بەشێکی تایبەت بە جلوبەرگی کۆنە کراوەتەوە و بازاڕێکی گەرمی هەیە، زۆربەی ئەو کڕیارانەشی سەردانی بازاڕەکە دەکەن فەرمانبەر و مووچە خۆرن، لە وەڵامی ئەوەی بۆچی زۆربەی کڕیارەکان لەو توێژەن، ئیڤان، وتی:"ناتوانن به‌ چاره‌که‌ مووچه‌یه‌که‌وه‌ له‌ مۆڵه‌کاندا جل و به‌رگى مارکه‌ بکڕن".

 

هێمن ئه‌حمه‌د، ڕۆژنامه‌نووسێکە و لەکاتێکدا، که‌ سه‌رقاڵى کڕینى جل و به‌رگى کۆنه‌ بوو بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ى کرد و وتى:"له‌م قه‌یرانه‌دا خه‌ڵکێکى زۆر ڕوو له‌ بازاڕه‌کان ده‌که‌ن به‌تایبه‌ت باله‌ى ئه‌وروپى، که‌ له‌ ڕووى کوالێتییه‌وه‌ و نرخیشه‌وه‌ له‌جل و به‌رگى بازاڕ باشتره".

 

هێمن ئه‌حمه‌د

 

هێمن، وتیشی:"لێره‌ قه‌مسه‌ڵه‌یه‌ک ڕه‌نگه‌ نرخه‌که‌ى پێنج بۆ شه‌ش هه‌زار دینار بێت، به‌ڵام له‌ بازاڕی تازە ده‌بێت ٤٠ بۆ ٥٠ هه‌زار دینارى پێبده‌یت، له‌م قه‌یرانه‌شدا خه‌ڵکى ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ هه‌ڵناسوڕێت بۆیه‌ ده‌بێت ڕوو له‌م بازاڕه‌ بکات و بەمەش داهاتیان بۆ دەگەڕێتەوە".

 

 

س.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin