Smiley face
Smiley face
Smiley face

جەمیل بایک: حکومەتێکی نوێ دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات

2017-12-23 13:33:24



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، دەڵێت، کە ئەو دۆخەی ئێستا لە باشوری کوردستان پێکهاتووە پێشبینییەکانی ئێمە پشتڕاست دەکاتەوەو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی دیموکراتی دەبێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی باشوری کوردستان.

 

جەمیل بایک شەوی رابردوو میوانی بەرنامەی "نێرینا ئازاد"ی ڕۆناهی تیڤی بوو، تێیدا ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باشوری کوردستانی نرخاند و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی باشوری کوردستانی بە پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەیی لە ناو دەسەڵاتداریی باشوری کوردستان زانی.

 

بایک، وتی: ئەو دۆخەی ئێستا لە باشور پێکهاتووە پێشبینییەکانی ئێمە پشتڕاست دەکەنەوە، پێشتر وتبوومان ئەو سیاسەتەی لە باشوری کوردستان بەڕێوەدەچێت سوودی خەڵکی بە دواوە نابێت، ئەو سیاسەتە زیانێکی گەورە بە گەلی کورد دەگەیەنێت، ئەو سیاسەتە نەک تەنیا لە باشور، بەڵکو زیانی بە پارچەکانی دیکەش گەیاندووە، بەشێکی زۆر لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەدا لە دەستی کورد چوو، خەڵک ئەو ڕاستیانە دەبینن و لە بەرامبەریدا دەوەستنەوە، کێشە و قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، سەربازی و کلتوری ئەمڕۆی باشوری کوردستانیان داگرتووە.

 

وتیشی:"خەڵک دەبینێت کە ئەو سیاسەتەی ئێستا لە باشور بەڕێوەدەچێت ناتوانێت ئەو کێشانە چارەسەربکات، ئەوەی لە پێش ڕیفراندۆم ئەنجامدەدرا، پاش ڕیفراندۆمیش هەر بەو شێوەیە بوو و هیچ نەگۆڕا، بۆیە خەڵک ناڕەزایی دەردەبڕێت.

 

لە بەردەوامیدا، وتی: خەڵک تێگەیشتوون کە ئەو سیاسەتەی ئێستا لە باشور بەڕێوەدەچێت ناتوانێت وەڵامی گونجاو بداتەوە بۆ قەیرانەکان، هیچ داهاتوویەکی ڕوون لە بەرامبەر خۆیاندا نابینن، ئەو شێوازە لە سیاسەت ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە، پاش ڕیفراندۆمەکە حکومەتی عێراقی بەشێکی زۆری خاکی باشوری کوردستانی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانییەوە، ئەوە قەیرانەکانی قووڵتر کردەوە، خەڵک بەهیوای ئەوە بوون کە پاش شکستی ڕیفراندۆم سیاسەتێکی نوێ بێتە ئاراوە، بەڵام هیچ نەگۆڕا، بۆیەشە خەڵک لە بەرامەریدا وەستانەوە.

 

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێووەبەری کەجەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتی: ئەگەر سیاسەتێکی دیموکراتی لە باشوری کوردستان دابمەزرایە ئەو قەیرانانە بەم شێوەیە قووڵنەدەبوونەوە، حکومەتێکی دیموکراتی نەک تەنیا دەیتوانی کێشەکانی باشور چارەسەر بکات، بەڵکو دەیتوانی سیاسەتێکی دیموکراتی لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشی بەڕێوەببات، بەم شێوەیە دەکرا حکومەت پشتگیریی خەڵک بە دەستبێنێت و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیی بونیات بنایە.

 

وتیشی:"بەڵام دەسەڵاتداریی سیاسیی بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی سیاسەتی کردو لە جیاتی ئەوەی پشت بە خەڵک ببەستێت دیسانەوە لە ئێڕان و تورکیا نزیکبووەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەگەر بە دروستی سەیری ڕووداوەکان بکەین، دەبینین کە کێشە سەرەکییەکان لە باشور بە هۆی ئێران و تورکیاوە دروستبوون، سەرچاوە و بەرپرسی بەشێکی زۆر لە قەیرانەکانی باشوری کوردستان تورکیایە، سەرەڕای ئەوانەش ئێستاش حکومەتی هەرێم تورکیا بە دۆستی خۆی دەزانێت، خەڵکیش کە ئێستا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان دەیەوێت مەترسییەکان و هەڕەشەکان لە سەر خۆی لاببات".

 

لە کۆتاییدا بایک وتی: دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان پێشنیاری یەکێتیی نەتەوەییان قبوڵنەکرد، لە جیاتی بە بنەماگرتنی یەکێتی نەتەوەیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان خستە ئەولەوییەتەوە، پەیوەندییان لەگەڵ پارچەکانی دیکە بە پێی یەکێتی نەتەویی دانەڕشت و خزمەتی خەڵکیان نەکرد و گوێیان لە کێشەکانی خەڵک خەواند، لە جیاتی ئەوەی هاوکاری خەڵک بکەن هاوکاریی داگیرکەرانیان کرد، بە بۆچونی من ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی پێکبهاتایە کێشەکان بەم شێوەیە قووڵ نەدەبوونەوە، لە ئێستاشدا پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی دیموکراتی دەتوانێت کێشەکان چارەسەربکات.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin