Smiley face
Smiley face
Smiley face

بارزانی داوا لە پەرلەمان دەکات ڕێکارەکان بگرێتە بەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان

2017-12-17 20:36:17



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ڕێکاری یاسایی و پێویست بگرێتەبەر، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، کە لەماوەی سێ مانگ تێپەڕ نەکات.

 

ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی یاداشتێکی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد.

 

لە نامەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، دەڵێت: سەبارەت بە یاداشتێکی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، ئامادەی هەموو هەماهەنگییەکین لەگەڵ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

 

دەشڵێت: دوای سەردانمان بۆ لای زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پێویستیی پاراستنی یەکڕیزی ناوخۆیی و زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنەکان، بەو ئەنجامە گەیشتین کە گەڕانە بۆ دەسەڵاتی گەل و ئەنجامدانی هەڵبژاردن باشترین بژاردەیە بۆ زامنکردنی یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان.

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، داواش لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ڕێکاری یاسایی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، کە لەماوەی سێ مانگ تێپەڕ نەکات، تاوەکو بتوانین لەو ماوەیەدا رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکەین بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە بڕگەی یەک لە ماددەی یەکەمی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەسەر دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

هەر لە نامەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، داوایش لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەکات، کە ئامادەکارییەکانی ئەم هەڵبژاردنانە بگرنەبەر بەپێی پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان، دەشڵێت:"ئێمەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستییەکانی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە دەبین".

 

(دەقی نامەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان)

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin