Smiley face
Smiley face
Smiley face

كوالێتی كۆنتڕۆڵی دوو دەروازەی سنوووری دەدرێتە كۆمپانیای حزبی

2017-12-17 13:17:39



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

پەرلەمانتارێك ڕایدەگەیەنێت، كە كوالێتی كۆنتڕۆڵی هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و باشماخ دراوەتە دوو كۆمپانیای سەر بە یەكێتی و پارتی كە هیچ كەلوپەل و كارمەندێكیان نییە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: ڕووبەڕووی ئەو بڕیارە دەبینەوە.

 

ئەمڕۆ، مەحمود ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییان لەسەر ڕادەستكردنی پشكنینی كوالێتی كۆنتڕۆڵی هەردوو دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران و باشماخ بە دوو كۆمپانیای حزبی سازدا.

 

لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەكەدا مەحمود ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند:"بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێم كوالێتی كۆنتڕۆڵی ئەو دوو دەروازەیە دراوەتە دوو كۆمپانیا، كە ئەوەی سنووری پارتی كۆمپانیای پارتییە و ئەوەی سنووری یەكێتی كۆمپانیای یەكێتییە، بە پێی گرێبەستەكە حكومەت ناچار كراوە كە تاقیگە و بینا و كارمەند بۆ كۆمپانیاكان دابینبكات، كە ئەم مەهزەلەیە لە هیچ شوێنێك نییە".

 

 

وتیشی:"هەر بەپێی بڕیارەكە 80%ی داهاتی پشكنینەكە بۆ ئەو دوو كۆمپانیایە دەبێت، كە ئەمە بەتاڵانبردنی داهاتی وڵاتە بۆ حزب، من بەڵگەكانم لایە ئەم بەڵگانە دەدەمە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەزگای دەستپاكی عێراق".

 

دواتر غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، قسەیكردو، وتی:"ئەم بڕیارە بڕیارێكی ترسناكە، چونكە هێنانی سوتەمەنی و خواردن و دەرمان و زۆربەی كەرەستەكانی تر لەدەستی حزبدایە، ناكرێت حزب خۆی شت بهێنێت و خۆشی پشكنینی بۆ بكات".

 

 

غالب محەمەد، وتیشی ئێمە بە هەموو توانامانەوە ڕووبەڕووی ئەو بڕیارە دەبینەوە و ناهێڵین جێبەجێ‌ بكرێت.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin