Smiley face
Smiley face
Smiley face

یەکێتی ژنان: هەندێک لە خێزانە کوردەکانی خورماتوو دووچاری دەستدرێژیی بوونەتەوە

2017-12-16 15:11:26



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

یەکێتی ژنان ڕایدەگەیەنێت، کە لە خورماتوو هه‌ندێک له‌خێزانه‌ کورده‌کان دووچاری گێچه‌ڵ و ده‌ستدرێژیی سێکسیی بوونەتەوە و داوا دەکات، هێزی هاوبه‌ش پارێزگاریی لەو شارۆچکەیە بکات.

 

ئەمڕۆ یەکێتی ژنانی کوردستان، یاداشتێکی سەبارەت بە پێشێلکارییه‌کانی سوپای عیراق بۆ سه‌ر شارۆچکەی خورماتوو-ی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین بڵاوکردەوە و ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی وڵاتان و نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق (یونامی)-یان کرد.

 

لە یاداشتەکەدا، هاتووە:"دوای هێرشی سوپای عێراق ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر بۆسەر خورماتوو، ئەو شارۆچکەیە بووه‌ مه‌یدانی شه‌ڕی ئه‌تنیکی و مه‌زهه‌بی و په‌لامار و قه‌تڵ و عامی کورد و قوربانییه‌کی زۆری لێکه‌وته‌وه‌".

 

هەروەها، هاتووە:"چه‌ندین گه‌نجی ئه‌و شارۆچکەیە شوێنبزر کران، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ندێک له‌خێزانه‌ کورده‌کان دووچاری گێچه‌ڵ و ده‌ستدرێژیی سێکسیی بوونه‌وه‌، ماڵەکانیان بە تاڵان بردن، خەڵکی سڤیل بەرەو ناوچەکانی دیکەی هەرێم ملیان نا و لەسەر خاکی وڵاتی خۆیان ئاوارەبوون و لە لێواری مەرگ-دا ژیان دەگوزەرێنن، کە زۆربەیان ژن و منداڵ-ن".

 

هەر لە یاداشتەکەدا هاتوو:"ئێمه‌ وه‌ک یه‌کێتی ژنانی کوردستان به‌توندیی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ ده‌که‌ین و داواکارین له‌حکومه‌ت و لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌کان به‌زوترین کات:"

 

1- ئه‌و هێزانه‌ له‌و ناوچانه‌ بکشێننه‌وه‌ و له‌لایه‌ن هێزی هاوبه‌شه‌وه‌ پارێزگاری ئه‌و شارانه‌ بکرێت.

 

2- به‌زووترین کات ئاواره‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و قه‌ره‌بووی زه‌ره‌رو زیانه‌کانیان بۆ بکرێته‌وه‌.

 

3- به‌پێی ده‌ستور و یاسا سزای گشت ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ بدرێت، که‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌م کاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌دا.

 

4-ستراتیژ و پلانی نوێ له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ دابڕێژرێ به‌پێی پره‌نسیپه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ زامنکردنی مافی هه‌موو پێکهاته‌کان".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin