Smiley face
Smiley face
Smiley face

دوایین زانیارى له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌که‌ى چه‌مچه‌ماڵ.. به‌ وێنه‌

2017-12-16 14:06:58



ڕۆژنیوز ـ ئاشتى ئه‌حمه‌د


به‌هۆى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه‌ به‌شێکى زۆرى دانیشتوانى چه‌مچه‌ماڵ خۆپشاندانیان ئه‌نجامدا و ڕێگه‌ى سه‌ره‌کى ده‌روازه‌ى شاره‌که‌یان به‌ هه‌ردوو ئاراسته‌ى که‌رکوک و سلێمانیدا داخست.


ژماره‌یه‌ک له‌ دانیشتوانى شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵى سه‌ربه‌ پارێزگاى سلێمانى کاتژمێر ١٠ى به‌یانى ئه‌مڕۆ ده‌ستیان به‌ خۆپشاندان کرد به‌هۆى نه‌بوونى ئاو و کاره‌باوه‌ و خۆپیشاندانه‌که‌ تا ئاماده‌کردنى ئه‌م ڕاپۆرته‌ به‌رده‌وامه‌.


یه‌کێک له‌ خۆپیشانده‌ران به‌ ناوى ڕه‌نجده‌ر ڕه‌فیق بۆ ڕۆژنیوز وتى: "داوا له‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایش ده‌که‌م پشتگیریمان بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌مان ته‌نها بۆ خۆمان نییه‌ بۆ ئه‌وانیشمانه‌".

 


ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: ئه‌گه‌ر داواکارییه‌کانمان جێبه‌جێ نه‌کرێت که‌ خۆى له‌ ئاو و کاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وا به‌رده‌وام ده‌بین و واز له‌ ناڕه‌زاییه‌کانیان ناهێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ى ژیانمان نه‌ماوه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌م حکومه‌ته‌وه‌.


هه‌ر له‌باره‌ى ناڕه‌زایى خۆپیشانده‌رانه‌وه‌، هه‌رێم که‌ریم وه‌ک یه‌کێکى دیکه‌ له‌ به‌شداربووانى خۆپیشاندانه‌که‌ بۆ ڕۆژنیوز وتى: "خۆپیشاندانى ئه‌مڕۆمان بۆ نه‌بوونى ئاو و کاره‌با ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونکه‌ به‌ ڕاستى ئه‌م شاره‌ له‌ هه‌موو ڕووێکه‌وه‌ پشتگوێ خراوه‌".

 


وتیشى: "وێستگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با که‌ له‌ سنورى خۆمانه‌ ته‌نها دووکه‌ڵ و لایه‌نه‌ خراپه‌که‌ى بۆ دانیشتوانى چه‌مچه‌ماڵه‌، به‌ڵام خێروبێره‌که‌ى بۆ خه‌ڵکه‌، بۆیه‌ له‌ خۆپیشاندان به‌رده‌وام ده‌بین تا ده‌رئه‌نجامێکمان ده‌ستده‌که‌وێت".


به‌هۆى به‌رده‌وامیى خۆپیشاندانه‌که‌وه‌، ڕه‌مک ڕه‌مه‌زان قائیمقامى چه‌مچه‌ماڵ سه‌ردانى خۆپیشانده‌رانى کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى و هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ و به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى وه‌رگرتووه‌ دوو کاتژمێر کاره‌باى سنورى شارۆچکه‌که‌ زیاد بکه‌ن.


هه‌روه‌ها داوایشى له‌ خۆپیشانده‌ران کرد، گروپێک پێکبهێنن بۆ ئه‌وه‌ى ڕۆژى سێشه‌ممه‌ سه‌ردانى وه‌زاره‌تى کاره‌با بکه‌ن تا ئه‌و به‌ڵێنه‌ ببێت به‌ بڕیار و جێبه‌جێ بکرێت.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin