Smiley face
Smiley face
Smiley face

وەزیری تەندروستی: بەغدا بەردەوام دەبێت لە ناردنی دەرمان بۆ هەرێم

2017-12-16 13:32:37



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە وەزارەتی تەندروستی عێراق 170 ملیار دیناری بۆ كڕینی دەرمان بۆ هەرێم دابینکردووە بۆ ساڵی 2018، دەشڵێت: بە بیانوی تەواوبوونی پشكی دەرمانی هەرێم ماوەیەكە ناردنی دەرمانیان ڕاگرتووە بۆ هەرێم.

 

لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی تەندروسی عێراق، ناردنی دەرمانی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە.

 

ڕێكەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بارەی هۆكاری نەناردنی دەرمان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە، بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند:"ئەوان ڕاستەوخۆ ناڵێن كە بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ناردنی دەرمانمان ڕاگرتووە، بەڵكو دەڵێن، كە ئەم ماوەیە ناتوانین بەردەوام بین لە ناردنی دەرمان بۆ ئێوە، لەبەر ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان كە 108 ملیار دینار بووە بۆ ساڵی 2017 تەواو بووە".

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەغدا بۆ ساڵی 2018 دەرمان بۆ هەرێم دەنێرێت و وتی:"لەلایەن وەزیری تەندروستی عێراق پێمان وتراوە كە لەساڵی 2018دا پابەند دەبن بە دابینكردنی دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان، وە بڕی 170 ملیار دیناریان داناوە بۆ كڕینی دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان".

 

لەبارەی قەرزەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمەوە، ڕێكەوت حەمە ڕەشید، وتی:"نزیكەی 100 ملیار دینار بەرەوژوور پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان قەرزارین، قەرزەكان زۆرجار بەهۆی نەبوونی پارەوە بووە، یاخود بەهۆی ئەوەوە بووە كە ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ ئێمەی دابینكردووە بەشی نەكردووە، بۆیە قەرزمان لەسەر كۆبووەتەوە كە قەرزەكان قەرزی ساڵی 2014 و 2015 و 2016یە".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin