ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامی
به چاودێری وه‌زیری ڕۆشنبیری عێراق و به هاوکاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لاوانی هه‌ڵه‌بجه و ڕێکخراوی ئاشتی و له‌ژێر دروشمی "لاوان سیمبولی بیری ئازاد و هێزی داهێنانن" یه‌که‌مین فیستیڤاڵی هونه‌ریی و فه‌رهه‌نگیی لاوان له هه‌ڵه‌بجه ده‌ستیپێکرد.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لاوانی هه‌ڵه‌بجه و به ئاماده‌بوونی پارێزگار و قایمقام و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێکی هه‌ڵه‌بجه و ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له گه‌نجانی شاره‌که یه‌که‌مین فیستیڤاڵی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی لاوان که ماوه‌ی دوو ڕۆژ ده‌خایه‌نێت ده‌ستی به‌کاره‌کانی کرد.
سه‌ره‌تای کردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌که‌ش به وته‌ی به‌خێرهاتن له‌لایه‌ن ئه‌ریوان سه‌لاح، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لاوانی هه‌ڵه‌بجه ده‌ستی پێ‌کرد و ڕایگه‌یاند:" به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی ناهه‌مواری قه‌یرانی دارایی و سیاسی، به باشمانزانی که فیستیڤاڵێک بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانانه و به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر گه‌نجانی شاره‌که‌مان فیستیڤاڵێکی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی ساز بکه‌ین که دوو ڕۆژ ده‌خایه‌نێت و کۆمه‌ڵێک چالاکی هونه‌ری و میوزیک و نمایشی فیلم و پێشانگای فۆتۆگرافهریی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
پاشان عه‌لی عوسمان، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه به وه‌کاله‌ت له‌سه‌ر ناوی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و وتی: "گه‌نجان بزوێنه‌ری کۆمه‌ڵگا و خاوه‌ن بیری نوێ و توانا و لێهاتوویه‌کی باشن و پێویسته هه‌موو لایه‌ک به ئه‌رکی خۆی بزانێت پاڵپشتی و پشتیوانیان لێ بکات".
ئه‌وه‌شى وت: "ئێمه‌ش له حکومه‌تی هه‌رێم هه‌میشه و به‌رده‌وام چاومان له‌سه‌ر ئه‌و توانایه‌ی گه‌نجانه بووه و پاڵپشتیان لێ ده‌که‌ین به‌تایبه‌ت له به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جۆره فیستیڤاڵانه بۆ ده‌رخستنی ئه‌و توانا هونه‌ری و ڕۆشنبیریانهیان که گه‌له‌که‌مان له دێر زه‌مانه‌وه هێناویه‌تی و پێویسته هه‌موومان شانازی پێوه بکه‌ین و په‌ره‌ی پێ بده‌ین".
پاشان وته‌ی فریاد ڕه‌واندزی، له‌لایه‌ن ئاوات حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌دیوانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری عێراق پێشکه‌ش کرا و ڕایگه‌یاند: "پاش ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئه‌نجامدانی فیستیڤاڵی هونه‌ریی و فه‌رهه‌نگیی هاته دیوانی وه‌زاره‌ت به خۆشحاڵیه‌وه په‌سه‌ندمان کرد و پاڵپشتیمان لێ کرد بۆ به‌ڕێوه‌چوونی، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجانی هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌م قه‌یرانه دارایی و سیاسی و سه‌ربازیانه‌ی عێراق و هه‌رێم له‌وه زیاتر نا‌ئومێد نه‌بن و به‌پێی توانای داراییمان پاڵپشتی له‌هه‌ر جۆره چالاکیه‌کی ڕۆشنبیری ده‌که‌ین".
هه‌روه‌ها به‌ختیار شاوه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراکسیۆنی یه‌کێتی له وته‌یه‌کیدا ڕایگه‌یاند: "هه‌رچه‌نده له ڕووی ئیدارییه‌وه هێشتا هه‌ڵه‌بجه وه‌ک پارێزگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه نه‌چه‌سپاوه و به‌رده‌وام کێشه‌مان له‌سه‌ر بڕیاری به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه هه‌یه له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند، به‌ڵام ئه‌رکی ئێمه‌یه به کرده‌یی ئه‌و بابه‌ته چاره‌سه‌ر بکه‌ین و ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ی که کراونه‌ته‌وه له هه‌ڵه‌بجه و په‌یوه‌ندیان به ناوه‌نده‌وه هه‌یه پڕۆژه و کاری چالاکییان بۆ ڕێکبخه‌ین".
دواتر چه‌ند چالاکیه‌کی هونه‌ریی و گۆرانی و میوزیک پێشکه‌شی ئامادابووان کرا و فیستیڤاڵه‌که سبه‌ینێش به‌رده‌وام ده‌بێت.
ک.ک