Smiley face
Smiley face
Smiley face

فەرماندەیەکی قەسەدە باس لە دانوستاندنەکانیان دەکات لەگەڵ سوپای عێراق

2017-12-16 12:00:01



ڕۆژنیوز – شەماڵ حەسەن


فەرماندەیەکی قەسەدە باس لە هەوڵ و تێکۆشانەکانیان دەکات لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جزیرە دژی داعش و ڕایدەگەیەنێت شەڕی چەتەکانی داعش لە ناوچەکەدا بەرەو کۆتایی دەچێت، هەروەها لە دانوستاندا دەبن لەگەڵ سوپای عێراق بۆ پاراستنی سنوور.


حەسەن قامیشلۆ، فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە، کە ئەندامی شاندی قەسەدە بووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سوپای عێراق، کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لەسەر دانوستانەکانیان لەگەڵ سوپای عێراق و کۆتایی هاتنی داعش و ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جزیرە و چەندین زانیاری دیکە دەخاتەڕوو.


یەکەمین دیداری فەرمی لەگەڵ سوپای عێراق


حەسەن قامیشلۆ، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: "٢٣-١١-٢٠١٧ گروپی یەکەمی هێزەکانمان گەیشتە سەر سنوورەکانی عێراق، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی ئەلبوکەمال لە سوریا، بەدووری ١٠ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی قائیم-ی عێراق جێگیربوون، ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە، یەکەمین چاوپێکەوتنمان لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای عێراق لە سنوورەکە ئەنجامدا، کە ئەمەش یەکەمین دیداری فەرمییە، کە لەنێوان قەسەدە و سوپای عێراق ئەنجامدراوە".


حەسەن قامیشلۆ، وتیشی: "پەیوەندییەکانیشمان لەسەر ئەو بنەمایەیە، کە ڕۆژانە لە پەیوەندیدا بین، وەکو ژوورێکی هاوبەش، کە زانیاری ببەخشین و زانیارییش وەربگرین، بۆ پێشگرتن لە جموجوڵەکانی چەتەکانی داعش، سوپای عێراق لە سنوورەکانی خۆیانەوە، هێڵێکی بەرگری دروست دەکەن، ئێمەش لە هەماهەنگیداین لەگەڵیان، بۆ ئەوەی لە باکوری سوریاوە سنوورەکانی خۆمان بپارێزێن، ئەو ناوچانەش هەمووی بیابانە، بۆیە پێویستی بە میکانیزمێک هەیە بۆ پاراستنیان، کە ئەویش هەماهەنگی و دانوستانە".


"شەڕی چەتەکان بەرەو کۆتایی دەچێت"


بۆ شەڕی دژی داعش هەوڵ و تێکۆشان پێویستە و قامیشلۆ دەڵێت:"شەڕ و تێکۆشانی ئێمە لەدژی چەتەکانی داعش بەردەوامە، شەڕی چەتەکانی داعش-یش وردە وردە بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام ناتوانین بڵێین کۆتایی هاتووە، بۆئەوەی کۆتایی بە شەڕی دژی داعش بهێنین، پێویستمان بە هەوڵ و ئۆپەراسیۆنی بەردەوام هەیە، بەهۆی ئەوەشەوە هیوادارین پەیوەندی و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ سوپای عێراق زیاتربێت، بۆئەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکان لە چەتەکانی داعش بپارێزین و پێشیان لێبگرین، لەو بڕوایەداین کە ئەو دانوستانانە لەئاستی بەهێزدا بەردەوامبێت، بۆئەوەی بە هاوبەشییەکی بەهێزتر بتوانین سنوورەکانمان بەباشی بپارێزین".


ئاماژەی بەوەشدا:"ئەم دانوستانانە لەکاتێکدا بوو کە هەردوو هێزی قەسەدە و سوپای عێراق لەیەک کاتدا گەیشتینە سەر سنوور، بۆئەوەی بتوانین لەسەر سنوور کۆنترۆڵێک دروست بکەین، ئەم چاوپێکەوتنانە بۆ هەردوولا پێویست بوو، بۆیە لەهەردوولا پێشنیاری دانوستان کرا".


"ماوەیەکی زۆرە هێزی سنورمان هەیە"


باسی لەوەشکرد:"ماوەیەکی زۆرە هێزی سنووریی ئێمە هەیە، ماوەیەکە سنووری ناوچەکانی باکوری سوریا لەلایەن هێزی سنووریی ئێمەوە دەپارێزرێن، ئەو ناوچانەشی کە ئێمە ڕزگاریان دەکەین، لەژێر کۆنترۆڵی هێزی سنووریی قەسەدە-دا دەبن".


ئەوەشی خستەڕوو:"لە هێڵی سنووری عێراق و سوریا لە شەنگال-ەوە تاوەکو ئەلبوکەمال، لە ساڵانی ڕابردوودا چەتەکانی داعش بەشێوەیەکی زۆر چالاک ئەو سنوورانەی بەکاردەهێنا، لە هاتن و چوون، کە ناوچەیەکی بەرفرانە و داعش خۆی تێدا بەڕێکخستن کردبوو، ئەو ناوچانە هەرچەندە چۆڵیش بن، بەڵام ناوچەیەکی دەوڵەمەندن بە سەرچاوە سروشتییەکان، بەتایبەت نەوت، کە وەک سەرچاوەیەکی ئابووریش بەکاریان هێناوە، ئەگەر ئەو ناوچانە جیا لە گرنگییە جوگرافییەکەی، زیاتر مەبەستمان گرنگییە ئەمنییەکەیەتی، کە بتوانین ئەو ناوچانە لە دروستبوونەوەی هێزێکی دیکە تیرۆریست یان پاشماوەکانی داعش بپارێزین، بۆئەوەی نەتوانن وەک جاران ئەو سنوورانە بەکاربهێنن".


"ڕژێمی سوریا لە پەیوەندی نێوان ئێمە و سوپای عێراق بێدەنگە"


ڕاشیگەیاند: "ئێمە کاتێکی دیاریکراومان دانەناوە بۆ کۆبوونەوە، هەرکاتێک بمانەوێت کۆدەبینەوە، ئەو ژوورە هەماهەنگییەی کە پێکهێنراوە ڕۆژانە بەگوێرەی پێویست هەماهەنگی و دانوستانمان دەبێت، هەتا ئێستا ڕژێمی سوریا لەسەر پێکهێنانی ئەو ژوورە هاوبەشەی نێوان ئێمە و سوپای عێراق، هیچ لێدوانێکی فەرمی و نافەرمی نەداوە".


سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جەزیرەش دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکە بەرەو کۆتایی دەچێت، نزیکەی ٩٠% بۆ ٩٥% ی ئەو ئامانجەی کە بۆ ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جزیرە دیاریکرابوو، کۆتایی هاتووە، بەشێکی کەم ماوە کە لەو ناوچانەی کە ئامانجمانە لەچوارچێوەی هەڵمەتی گەردەلولی جەزیرە کۆنترۆڵیان بکەینەوە، زۆرینەیشیان نزیکی سنووری عێراق-ن، ئەو ناوچانەیشی کە ماون تەنها چەند گوندێکن، کە هێزەکانمان لەماوەیەکی کەمدا، دەست بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوەندی ئەو گوندانە دەکەن".


"دەرگامان بەڕووی هەموو کەسێکدا کراوەیە"


لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند: "ئێمە دەرگامان بەڕووی هەموو کەسێکدا لە ناوەوە و دەرەوەی سوریا کراوەیە، بۆ پەیوەندییەک کە بەرژەوەندی هەموو گەلانی تێدابێت، چ وڵاتانی دراوسێ یان هێزە ناوخۆییەکان، یان ئەو هێزانەی کە لە دژی تیرۆر شەڕ دەکەن، بۆ هەر هاوکارییەک ئامادەین کە چارەسەرییەکی ڕاست بۆ کێشەکانی سوریا پێشبخات".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin