Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنە زیندانییەکی سیاسیی کورد لە تورکیا خەریکە گیان لەدەستدەدات

2017-12-16 10:57:30



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان


سەیران دەمیر، ژنە زیندانییەکی سیاسی کورد لە زیندانەکانی تورکیادایە و بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی مێشکەوە ئازار دەچێژێت، باوکی ئەو ژنە زینداییە دەڵێت، دۆخی تەندروستی زۆر خراپە و خەریکە دەمرێت.


سەیران دەمیر، ڕۆژی ١٣ی مانگ پەیوەندی تەلەفۆنیی بە خانەوادەکەیەوە کردووە و پێی وتوون، کە بە هۆی فشارەکانی ناو زیندانی تارسوس لە دۆخێکی زۆر خراپ و ناجێگیری تەندروستی دایە.


ناوبراو ڕایگەیاندووە، کە ئەشکەنجەیان داوە و بەو دۆخە تەندروستییەشییەوە هەڕەشەیان لێکردووە کە دووری بخەنەوە بۆ زیندانی دیکە، هەروەها ڕایگەیاندووە، کە پاسەوانەکان بەردەوام بێڕێزی پێدەکەن و جنێوی پێدەدەن.


دەمیر بە باوکی ڕاگەیاندووە: بەم دۆخە ناجێگیرە تەندروستییەمەوە پێویستە بنێردرێم بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پزیشکیم بۆ بکرێت و بخرێمە ژێر چاودێری پزیشکانەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی زیندانی سیاسیم ئەم کارانەم بۆ ناکەن.


باوکی سەیران دەمیر دەڵێت: ماوەی چوار ساڵە کچەکەم بە نایاسایی لە زینداندایە، ئێستاش بەم دۆخەیەوە زیاتر لە هەمیشە لە مردن نزیکە، لەم ساڵانەدا هیچ جۆرە زۆردارییەک نییە کە لێیان نەکردبێت، ئەوە چ وڵاتێکە کە تەنانەت دەستبەرداری کەسێک کە ڕوو لە مردنیشە نابن و هەر ئەشکەنجەی دەدەن.


جێگای ئاماژەیە، کە سەیران دەمیر لە ساڵی ٢٠١٣دا دەستگیرکرا، لە کاتێکدا کە سەرقاڵی چارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجەکەی بوو، لە زیندان دۆخی تەندروستییەکەی تێکچوو و  لە ماوەی چل ڕۆژدا کێشی جەستەی لە ٥٦ کیلۆگرامەوە بۆ ٣٠ کیلۆگرام دابەزی، پاشان ئازادکرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا جارێکی دیکە دەستگیرکرا و پاشان دادگای تورک بڕیاری زیندانی کردنیدا و ناردی بۆ زیندانی تارسوسی تورکیا.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin