Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەنجومەنی بەڕێوەبەری عەفرین: وەڵامی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەدەینەوە

2017-12-14 17:43:56



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند، ئامادەین لەڕووی سیاسیی و سەربازییشەوە وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بدەینەوە، جەختیش دەکەنەوە:"ئەو هێزەمان هەیە کە لەبەرامبەر داگیرکاریی تورکیا بووەستینەوە".

 

ئەمڕۆ، ئەنجومەنی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی کانتۆنی عەفرین، لەبارەی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک دژی کانتۆنی عەفرین، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا، هاتووە:"ماوەیەکە بەرپرسانی باڵای تورکیا، زمانیان بەرامبەر عەفرین توند دەکەن و هەڕەشە دەکەن، ئەوانە لەڕێگای ڕاگەیاندنەکانیانەوە هەڕەشە دەکەن و شەڕێکی دەروونیان بەرامبەر گەلەکەمان دەستپێکردووە، دەیانەوێت بەناوی شەڕی تیرۆر-ەوە بێنە خاکی سوریا-وە و ڕەوایی بە داگیرکرارییەکانی خۆیان بدەن".

 

بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی عەفرین ڕاشیگەیاند:"سوپای تورکیا لەگەڵ ئەو لێدوانانەدا، جموجوڵەکانیانی خۆیان لەسەر سنوورەکانی باکوری سوریا زیادکردووە و گوندەکانی سنووری عەفرین تۆپباران دەکەن، دەیانەوێت ترس لەناو خەڵکی ئەو ناوچانەدا دروستبکەن، بۆ ئەوەی دەست لە خاکەکەی خۆیان بەربدەن".

 

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە:"وەکو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین، هەڵویستمان لەبەرامبەر ئەو هەڕەشە و لێدوانانە ڕوونە، ئێمە هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی سەربازییشەوە وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە، ئەو هێزەمان هەیە کە لەبەرامبەر داگیرکاریی تورکیا بووەستینەوە".

 

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیشدا، ئەنجومەنی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی کانتۆنی عەفرین، داوای لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کردووە، کە لەبەرامبەر ئەو هەڵویستانەی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ نەبن.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin