Smiley face
Smiley face
Smiley face

میانمار، له‌ مانگێکدا شه‌ش هه‌زار و ٧٠٠ هاوڵاتى ڕۆهینگیا کوژراون

2017-12-14 15:17:33



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


به‌پێى دواین ڕاپۆرت، له‌ ماوه‌ى مانگێکدا له‌ کاتى ئاڵۆزییه‌کانى میانمار، زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار و ٧٠٠ هاوڵاتى ڕۆهینگیا کوژراون.


ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور له‌ نوێترین ڕاپۆرتدا له‌باره‌ى کۆمه‌ڵکوژى هاوڵاتیانى ڕۆهینگیا له‌ میانمار، ڕایگه‌یاندوه‌: به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌ و زانیاری و به‌دواداچوونانه‌ی که‌ ڕێکخراوه‌که‌ کۆى کردوه‌ته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی مانگی یه‌که‌می ده‌ستپێکردنی هێرشه‌کانی سوپای میانمار بۆسه‌ر موسوڵمانانی ڕۆهینگیا نزیکه‌ى حه‌وت هه‌زار هاوڵاتى کوژراون.


به‌ وته‌ى ڕێکخراوه‌که‌، "له‌ ماوه‌ی ٢٥ى ئاب تاکو ٢٥ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ، زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار و ٧٠٠ که‌س کوژراون، له‌و ژماره‌یه‌ش ٧٣٠ که‌سیان منداڵی ته‌مه‌ن پێنج ساڵ بوون". 


هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌، که‌ به‌پێى ئه‌و ڕاپرسیه‌ى کراوه‌، زیاتر له‌ ٦٤٠ هه‌زار که‌س ئاواره‌ بوون و له‌ ترسى هێرشه‌کانى سوپا هه‌ڵهاتوون.


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌، نیوه‌ى ئاواره‌کان منداڵن.


ڕۆهینگیا که‌مینه‌یه‌کى موسڵمانن له‌ وڵاتى میانمار، ئه‌وان له‌لایه‌ن بودییه‌کانه‌وه‌ ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌، ڕۆهینگییه‌کان خه‌ڵکانى هیندۆ-ئارین له‌ ناوچه‌ى ڕاخین له‌ میانمار ده‌ژین، ژماره‌یان نزیکه‌ى نیو ملیۆن که‌س ده‌بێت.


تا ئێستا ڕۆهینگییه‌کان چه‌ندین جار توشى کۆمه‌ڵکوژى و جینۆساید بوونه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ هێزى چه‌کداریان پێکهێناوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نیین بتوانن هێرشه‌کانى سوپاى میانمار بۆ سه‌ر هاوڵاتیانى ڕۆهینگا بوه‌ستێنن.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin