Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕاکان سەعید: كەركوک پێویستی بە زیاتر لە ٧٥٠ مێگاوات کارەبایە

2017-12-13 20:49:20



ڕۆژنیوز – هاوار ستار

 

پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت ڕایگەیاند، ئەو بڕە كارەبایەی لەتۆڕی نیشتیمانی بۆ كەركوك دێت و بڕەکەی ٤٠٠ مێگاواتە، لە سنووری پارێزگای دیالە تاوەرەكانی تەقێنراونەتەوە، ڕاشیگەیاند:"كەركوك ڕۆژانە پێویستی بە زیاتر لە ٧٥٠ مێگاوات کارەبایە".

 

ئەمڕۆ، ڕاكان سەعید جبوری، پارێزگاری کەرکوک بەوەكالەت، لە كۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لەسەر هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی لە کەرکوک ئەنجامدا.

 

ڕاكان سەعید، ڕایگەیاند:"هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبای نیشتیمانی دوو هۆکاری سەرەكین، كە یەكەمیان ئەو بڕە كارەبایەی لەتۆڕی نیشتیمانی بۆ كەركوك دێت و بڕەکەی ٤٠٠ مێگاواتە، لە سنووری پارێزگای دیالەوە لە نێوان شارۆچکەی خورماتوو و پارێزگای سەلاحەدین، ڕووبەڕووی كاری تێكدەرانەی تیرۆرستیی بووەتەوە و تاوەرەكانی تەقێنراونەتەوە".

 

هەروەها وتی:"بەهۆی ئەوەی ئەو تاوەرانە تەقێنراونەتەوە و كەوتوون، كارەبای تۆڕی نیشتیمانی ناگات بە كەركوك و تیمە ئەندازیارییەكانیش ناتوانن بچنە شوێنی تاوەرەكان لە پێناو گیانی خۆیان، بەهۆی بوونی گروپی چەكداریی نەناسراوەوە لەو ناوچەیە تا چاكی بكەنەوە".

 

لەبارەی هۆکاری دووەم-یشەوە، ڕاكان سەعید، وتی:"هۆكاری دووەم حکومەتی هەرێم-ە، كە بەبێ پرس و هۆکار ئەو ٢٠٠ مێگاواتەی لە هەولێرمان دەكڕی كراوە بە ١٠٠ مێگاوات".

 

پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت، وتیشی:"ئێمە بەپێی گرێبەست ئەو كارەبایەمان كڕیوە و داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین پێداچوونەوە بەو پرسەدا بكەن".

 

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت، وتیشی:"گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ پارێزگای سەڵاحەدین و شارەدێی حەویجەیش، هۆكارێکی دیکەی كەمبوونەوەی كارەبایە، چونكە رۆژانە ٥٠ مێگاواتیش بۆ ئەو ناچانە دەڕوات".".

 

ڕاکان سەعید، ئاماژەی بەوەشکرد:"ئێستا کەرکوک لەتوانای دایە ڕۆژانە تەنها ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ مێگاوات کارەبا دابینبكات، لەكاتێكدا تەنها كەركوك خۆی پێویستی بە زیاتر لە ٧٥٠ مێگاوات کارەبایە".

 

هەر لە قسەکانیدا، ڕاکان سەعید، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، ئەوەشی خستەڕوو:"بۆ زیادکردنی بەشە کارەبای کەرکوک لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی، بەرێوبەری كارەبای كەركوك چووەتە بەغدا و قسەی لەگەڵ وەزیری كارەبادا كردووە و داوایكردووە بەشە كارەبای تۆڕی نیشتیمانی كەركوك زیادبكرێت".

 

جێی ئاماژەیە، ماوەی چەند ڕۆژێكە، كارەبای نیشتیمانی لە شاری كەركوك بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی لای دانیشتووانی شارەكە.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin