Smiley face
Smiley face
Smiley face

دەنگی مامۆستایانی ناڕازیی دەگەیەندرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان

2017-12-13 15:54:20



ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر

 

ژمارەیەک لە مامۆستایان بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکانیان چوونە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەولێر و ڕاشیدەگەیەنن، کە ئەگەر بەدەنگیانەوە نەچن، ئەوا ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە خۆپیشاندانی بەرفراوان لەسلێمانی ئەنجام دەدەن.

 

ئەمڕۆ، زیاتر لە ٧٠ مامۆستای ناڕازیی بە نوێنەرایەتی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەڕین چوونە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری هەولێر.

 

ئاکۆ جەمال، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی و بەشداربووی چالاکییەکە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێمە دواین ڕێگای خۆمان تاقیدەکەینەوە بۆ ئەوەی بە دەنگ خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە بێن و لە قەیرانێکی مرۆیی گەورەتر ڕزگارمان بکەن.

 

 

وتیشی: لەگەڵ نوینەری نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنیشنین و داوایان لێدەکەین، کە چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەو سیستمە ئیداریی و داراییەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە.

 

ئاکۆ جەمال، وتیشی: داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین، کە ئەو ھۆکارانەی لە بەردەستیاندایە بیگرنەبەر، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ بژێویی ژیانی ھاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن.

 

هەروەها، دانا عەبدول، نوێنەری مامۆستایانی ھەڵەبجە رایگەیاند: ئەگەر لێرەش ھیچمان بۆ نەکەن ئەوە ناچاردەبین خۆپیشاندان و بایکۆت دەست پێبکەین، بۆیە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سلێمانی ئەنجام دەدەین.

 

 

سەبارەت بە ژمارەی مامۆستایانی گردبونەوەکە، مامۆستا دڵسۆز عەلی، مامۆستایەکی دیکەی بەشداربووی چالاکییەکە، وتی: ھەر مامۆستایەک نوێنەرایەتی ١٠ خوێندنگا دەکات ئەویش لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن مامۆستایانی خوێندنگاکانەوە بە ئازادیی ھەڵبژێردراون.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin