Smiley face
Smiley face
Smiley face

داوای هەڵوێست توند لەبەرامبەر داگیرکاریی تورکیا و ئێران دەکرێت

2017-12-13 09:51:26



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى

 

چالاکوانێک دەڵێت، کە ئامانجی تورکیا و ئێران داگیرکردنی خاکی کوردستان و لەناوبردنی گەلەی کوردە، چالاکوانێکی دیکەش داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات، کە هەڵوێستی توند لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییانە بگرێتە بەر.

 

ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه‌ به‌به‌رده‌وامیى ئێران و تورکیا بۆردومانى ناوچه‌ سنوورییه‌کانى کوردستان و بەتایبەت دیوی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان ده‌که‌ن و ئەمەش چه‌ندین زیانى گیانى و ماددیى و ژینگه‌یى لێ که‌وتوه‌ته‌وە.

 

سه‌ربه‌ست محه‌مه‌د، چالاکی مه‌ده‌نى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئیدانەی تۆپبارانه‌کانى ناوچه‌ سنوورییه‌کانى باشورى کوردستانی کرد له‌لایه‌ن ئێران و تورکیاوه‌ و بە ڕۆژنیوزی وت:"ئەو دوو وڵاتە هه‌ر یه‌کێکیان داگیرکه‌رى پارچه‌یه‌کى کوردستانن، ڕۆژانه‌ بێ گوێدانه‌ هیچ پره‌نسیپێکى یاسایی نێوده‌وڵه‌تیى پێشێلى سه‌روه‌رى خاکى وڵاتان و هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن".

 

 

سه‌ربه‌ست، وتیشى:"ئامانجى سه‌ره‌کى وڵاتانى داگیرکه‌ر له‌ناوبردن و جینۆسایدکردنى گه‌لى کورده‌ و ده‌یانه‌وێت خۆیان هه‌میشه‌ سه‌رده‌سته‌ بن و ئێمه‌ى کوردیش ژێرده‌سته‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیى به‌تایبه‌ت ڕێکخراوه‌کان و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان فشاره‌کانیان له‌سه‌ر زیاتر بکرێن بۆ وه‌ستاندنى تۆپبارانه‌کان".

 

چالاکوانێکى دیکەی مه‌ده‌نى به‌ناوى به‌ختیار کاکه‌یى، دەسەڵاتی باشوری کوردستانی بە "ئەوپەڕی لاوازیی" لە ئاست تورکیا و ئێران ناوبرد و بە ڕۆژنیوزی وت:"حکومەت نه‌یتوانیوه‌ به‌ به‌یاننامه‌یه‌کیش بێت ئیدانه‌ى هێرشه‌کانى ئەو دوو وڵاتە بکات، کار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى ده‌زگا سیخوڕییه‌کانى ئه‌و دوو وڵاته‌ له ‌شار و شارۆچکه‌ جیاوازه‌کانى هه‌رێم به‌ئازادانه‌ ده‌گه‌ڕێن و که‌س نییه‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکات".

 

 

به‌ختیار، وتیشى:"حکومه‌تى هه‌رێم ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه‌ کونسوڵ و هیچ نوێنه‌رێکى ده‌وڵه‌تانى تورکیا و ئێران بانگهێشت بکات بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆپبارانه‌کان، به‌هۆى که‌مته‌رخه‌میه‌کانیش گومان له‌وه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ولێر و سلێمانیش بوردومان بکه‌ن نه‌توانن هیچ هه‌ڵوێستێک بنوێنن".

 

بەختیار کاکەیی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە هه‌میشه‌ تورکیا سیاسه‌تى دووڕوویی (دووفاقى) هه‌بووه وتی:‌ له‌لایه‌ک ناوچه‌ سنوریه‌کان به‌فڕۆکه‌ بۆردومان ده‌کات و له‌لایه‌کى تریش بۆ نیشاندانى هاوسۆزیى و ڕاکێشانى هه‌ست و سۆزى هاوڵاتیان له‌کاتى بومه‌له‌رزه‌که‌دا هاوکاریى مرۆیى ده‌نێرێت، بۆیه‌ نابێت تاکى کورد هەر‌گیز به‌م سیاسه‌تانه‌ بخه‌ڵه‌تێت و ده‌بێت هۆشیار بێت و دژى ئه‌و زوڵم و داگیرکه‌رییانه‌ هه‌ڵوێستى توند بنوێنێت.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin