Smiley face
Smiley face
Smiley face

عەشق بۆ کتێب شانۆکارێک دەکاتە کتێب فرۆش

2017-12-13 08:37:00



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

شانۆکار و ڕۆژنامەنووسێکی شاری سلێمانی، لە خۆشەویستی بۆ کتێب ڕێگەی کتێب فرۆشتن دەگرێتەبەر، خاوەنی شەش کتێبی چاپکراوەو ڕۆژانە لەگەڵ چەندین خوێنەر گفتوگۆی ئەدەبیانە دەکات.

 

ئەو شانۆکارە، شاڵاو جەعفەر-ی تەمەن ٤٥ ساڵە، کە لە گەڕەکی شێخ محێدین لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، لە ٥-١٠-٢٠١٦ کۆشکێکی داناوە بە ناوی 'کتێبخانەی باخی گشتی' و کتێبی تێدا دەفرۆشێت، کە ڕۆژی لەدایکبوونی کچەکەی بووە، وەک خۆی دەڵێت "ژن لای من پیرۆز و خۆشەویستە".

 

خۆشەویستیم بۆ کتێب وایکرد ببم بە کتێب فرۆش

 

شاڵاو بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت:"کتێبم زۆر خۆشەوێت، کتێب سەرچاوەی ڕۆشنبیری و ئایدۆلۆژیی و کاری مرۆڤایەتییە، کتێب لای من واتای دروستبوونی مرۆڤایەتییە، چونکە ئەگەر کتێب نەبێت ئەوا مرۆڤیش بوونی نییە، چونکە هەر کتێبە مرۆڤ پەروەردە دەکات، هەروەها لە خۆشەویستیم بۆ کتێب وایکرد کە من ئەم کۆشکە دابنێم و وردە وردە دەستم کرد بە کاری فرۆشتنی کتێب".

 

کارئاسانی بۆ خوێنەرانی کتێب دەکات

 

شاڵاو دەشڵێت:"ڕۆژانە گەنج دێن کتێبم لا دەبەن و دەچن لە باخی گشتی دەیخوێننەوە، هەر گەنجێک حەزی بە خوێندنەوەی کتێب بێت ئەوا من هاوكاری دەکەم، پێم خۆشە کە گەنجەکانمان کتێب بخوێننەوە، ئەمەش کارئاسانییە بۆ ئەو کەسانەی کە حەزیان لە کتێب خوێندنەوەیە و پارەیان نییە کتێب بکڕن.

 

 

شاڵاو ئاماژەی بەوەکرد: ڕۆژانە شەش گەنج دێنە لای و پێکەوە کتێبێک دەخوێنینەوە و پاشان گفتوگۆی ئەدەبی لەسەر دەکەن.

 

کتێبی جۆراوجۆر لە کتێبخانەکەی دەستدەکەوێت

 

کتێبەکانی کتێبخانەکەم هەمەجۆرە، واتە کتێبی سیاسی و ئابووری و سایکۆلۆژی و هونەر و شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و کتێبی منداڵانیشی تێدایە.

 

شانۆکاربووە و بەشداری لە شانۆگەریدا کردووە

 

شاڵاو، بەشداری دوو شانۆگەری کردووە، لە ساڵی نەوەدەکان بە ناوەکانی "کاوەی پینەچی" و "خاکی داگیرکراو".
 

شاڵاو دەڵێت کە شەش کتێبی چاپکراوی هەیە، کە بریتین لە:

 

١- لە ١٩٩٩ کتێبێکی شعر منداڵان، بە ناوی خەرمان.

٢- سایکۆلۆژی منداڵ،

٣-"خامەکان بۆ شێرکۆ بێکەس دەدوێن" لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاو کراوەتەوە،.

٤- ماس میدیا کتێبێکە لە بارەی ڕاگەیاندن.

٥-میدیا ناسی کتێبێکە لە بارەی ڕاگەیاندن.

٦-کتێبێک بۆ شێرکۆ بێکەس بەناوی "قەڵەمی میلـلەتێک"، کە ٢٠٥ وێنەی شێرکۆ بێکەس هەر لە منداڵییەوە هەتا کاتی کۆچی لەو کتێبەدا جێگەکردبوویەوە، لەگەڵ زانیاری لەسەر ژیانی.

 

کتێبێکی تازەشی لەژێر چاپدایە

 

شاڵاو، وتی: کتێبێکی تازەشم لەژێر چاپدایە بەناوی "کورد لە پاکستان"، ئەم کتێبەم دیدارێکە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی هاوڕێم کە ١٠ ساڵ لە پاکستان بووەو باسی کوردەکانی ئەوێم بۆ دەکات لەسەردەمی ماددەکانەوە هەتا ئێستا.

 

خوێنەری کتێب کەمیکردووە

 

ئەو کتێب فرۆشە نیگەرانە لە کەمبوونی خوێنەر و دەڵێت: بە بۆنەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و قەیرانی دارایییەوە، خوێنەری کتێب کەمیکردووە، هەروەها بە pdf کردنی کتێب ئەویش هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەم فرۆشی کتێب.

 

شاڵاو ٢٥ ساڵە ڕۆژنامەنووسە

 

شاڵاو ماوەی ٢٥ ساڵە ڕۆژنامەنووسە، لە هەریەکە لە ڕۆژنامەکانی کودستانی نوێ و ئاڵای ئازادی و هاوڵاتی و ئەمڕۆ و  ڕۆژنامەنووس و گۆڤاری شەقام و ئاوێنە و پارێزگاران و لڤین کاری کردووە و لە ئێستاشدا بەیانیان لە ڕادیۆی زانکۆی سلێمانی بەرنامەی ئەدەبی و هونەری هەیە.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin