Smiley face
Smiley face
Smiley face

بۆ نۆژەنکردنەوەی خوێندنگاکان هانا بۆ کەسوکاری خوێندکاران دەبرێت

2017-12-13 08:38:10



ڕۆژنیوز- هاوکار مستەفا

 

لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر بومەلەرزە بەهێزەکەدا، هەتا ئێستا حکومەتی هەرێم خوێندنگا و بینا حکومییە زیان بەرکەوتووەکانی نۆژەن نەکردووتەوە و بەڕێوبەری خوێندنگایەکی شارەزوور-یش دەڵێت: ناچارین پارە لە کەسوکاری خوێندکاران کۆبکەینەوە.

                         

بەهۆی بومەلەرزەکەی شەوی ١٢ی مانگی ڕابردوو، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور بە بڕی ٥١٢ ملیۆن دینار زیان بەر بینای خوێندنگاکان کەوتووە، بەڵام تەنها بڕی پێنج ملیۆن دینار لەلایەن رێکخراوی یونیسێف-ەوە دابینکراوە بۆ نۆژەنکردنەوەیان.

 

ئازاد حاجی، بەڕێوەبەری ئامادەیی شەهید دانا لە شارۆچکەی شارەزوور، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: هەتا ئێستا حکومەت نەهاتووە بەدەممانەوە، تەنانەت ئەو پاشماوانەشی کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەی کاشییەکان و ڕووخانی دیوان کۆبووبوویەوە خۆمان لامان بردووە.

 

 

ئازاد، نائومێدبوو لەوەی حکومەت ئەو بینایانە نۆژەن بکاتەوە و وتی: لیژنەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان ئەوەی ڕاگەیاندووە، کە لە توانایاندا نیە قەرەبووی هیچ کەسێک بکەنەوە، .

 

بەڕێوەبەری ئامادەیی شەهید دانا، ڕاشیگەیاند: بەهۆی زیان بەرکەوتن بە خوێندنگاکەمان، ناتوانین وەک پێویست دەوام بکەین، بۆیە بیرمان لەوەکردووەتەوە، کە بەناچاریی ڕوو لە کەسوکاری خوێندکاران بکەین بۆ کۆکردنەوەی پارە و چاککردنەوەی خوێندنگاکە.      

 

هەروەها، محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارۆچکەی شارەزوور بە ڕۆژنیوزی وت: لە سنووری پەروەردەکەماندا ١٢ خوێنندنگا لەناو شار و گوندەکاندا زیانیان بەرکەوتووە، تەنانەت خوێندنگای دوو گوندمان داخستووە، چونکە بەکەڵی ئەوە نەدەهاتن کە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنییان تیادا ئەنجام بدرێت.

 

 

محەمەد ئەحمەد، وتیشی: ڕاپۆرتی ئەو زیانانەمان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و ڕێکخراوە جیهانییەکان کردووە، بەڵام تەنها لەلایەن ڕێکخراوی یونیسێف-ەوە بڕی پێنج ملیۆن دینارمان بۆ خەرج کراوە، کە دەتوانین تەنیا بۆ کۆکردنەوە و فڕێدانی پاشماوەکان بەکاری بهێنین.

 

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin