Smiley face
Smiley face
Smiley face

مەراسیمی چلەی شەهید شاهۆ گەرمیانی بەڕێوەچوو.. بەوێنە

2017-12-12 18:28:04



ڕۆژنیوز - ڕزگاری

 

کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، لە شارەدێی ڕزگاری، مەراسیمی چلەی ڕێزلێنانی لە گەریلای شەهید شاهۆ گەرمیانی ئەنجامدا.

 

کاتژمێر ٠٢:٣٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی شەهید حەمە کەلاری، لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مەراسیمی چلەی ڕێزلێنان لە شەهید ئیبراهیم عومەر ناسراو بە شاهۆ گەرمیانی بەڕێوەچوو.  

 

 

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، نەریمان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەلگەی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی:"گەنجانی گەرمیان هەمیشە پێشەنگبوون و ڕۆڵی زۆر کاریگەریان هەبووە لە هەموو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکاندا لە هەرچوار پارچەی کوردستان، شەهید شاهۆیش یەکێکە لەو شەهیدە گەرمیانییانەی کە سنوورە دەستکردەکان تێکدەشکێنێت و ڕوو لە چیاکانی باکوری کوردستان دەکات بۆ تێکۆشان".

 

نەریمان ئەحمەد

 

 وتیشی:"بەداخەوە کە نەتوانراوە لە باشوری کوردستان خاوەنداری لە خوێنی ئەو شەهیدانە بکرێت و بەری ڕەنجی خوێنیان بچنرێتەوە، بۆیە ئێمە لێرەدا پەیمانی بەردەوامیدان بە ڕێباز و ڕێگای شەهید شاهۆ و خانەوادە سەربەرزەکەی و تەواوی خانەوادەی شەهیدان دەدەین". 

 

دواتر کامیل قادر، مامی شەهید ئیبراهیم عومەر، ناسراو بە شاهۆ گەرمیانی، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی:"بەناوی خانەوادەی شەهید-ەوە، داوا لە تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، کە واز لە بەرژەوەندی حزبی و شەخشی بهێنن، کاتی ئەوەیە کە تەبا و یەکگرتووبین، بەچاوی خۆمان بینیمان کە بە یەکڕیزی و تەبایی و قارەمانێتی هێزە کوردییەکان چ سەرکەوتن و وەرچەرخانێک لە کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان دروستبوو، دەبینین کە دەوڵەتی تورک و ئێران بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان دوژمنایەتی چەند ساڵەیان لە گۆڕناوە و یەکیانگرتووە، پێویستە ئێمەش لەناو خۆماندا یەکڕیز و تەبابین، ئەگینا ئەوەشی کە هەیە لەدەستی دەدەین".

 

کامیل قادر

 

هەر لە مەراسیمەکەدا، نەجیبە عومەر، هاوڕێ و هاوخەباتی شەهید شاهۆ گەرمیانی، وتارێکی پێشکەش کرد و وتی:"شەهید شاهۆ لەوە تێگەیشتبوو کە دوژمنی سەرەکیی گەلی کورد دەوڵەتی تورکیایە، هەموویشمان دەزانین کە لە پشت هەموو پیلانگێڕییەکان بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان بە پلەی یەکەم دەوڵەتی تورکیایە، بۆیە شەهید شاهۆ بەپێداگری خۆی لە شۆڕشێکی وەهادا جێگای گرت، کە پێی وابوو لێدان لە دەوڵەتی تورک، لێدانە لە گەندەڵی و لە داگیرکاریی هەرچواربەشی کوردستان".

 

نەجیبە عومەر

 

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، وتاری کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، لەلایەن هاوکار گەرمیانی-یەوە خوێنرایەوە و وتی:"شەهید شاهۆ لە خەمو و مەینەتی ئەم گەلە چەوساوە تێگەیشت، بۆیە نەیتوانی هەروا بە سادەیی ژیان بکات، شەهید شاهۆ و تەواوی شەهیدانی دیکە، سمبولی هەموو بەها پیرۆزەکانی گەلی کوردن، ئێمەش وەکو گەنجانی گەرمیان شەهیدان دەکەین بە نموونەی ژیانمان و دەبینە وەڵامدەرەوەی تەواوی دوژمنانی گەلەکەمان".

 

هاوکار گەرمیانی

 

لەدرێژەی مەراسیمەکەدا،  کورتە فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید شاهۆ گەرمیان لەڕێگای داتاشۆ-وە پیشانی ئامادەبووان درا، لەکۆتاییشدا لەلایەن دایکی شەهید بۆتان گەرمیانی-یەوە، بڕوانامەی شەهادەتی شەهید شاهۆ گەرمیانی پێشکەش بە دایکی شەهید کرا.

 

شەهید ئیبراهیم عومەر قادر، ناسراو بە (شاهۆ گەرمیانی)، لە ساڵی ١٩٩٤ لە گوندی مراوا-ی سەر بە شارەدێی شێختەویل-ی سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠١٥ بەشداریی ڕێزەکانی گەریلا بووە، ڕۆژی ٢ی مانگی ڕابردوو، لە چالاکییەکی گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە دا لەدژی بارەگای سەربازیی چەمان لە شەمزینانی سەر بە جولەمێرگ لەگەڵ چوار هەڤاڵی دیکەیدا شەهیدبوون.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin