Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕامین حسێن پەناهی هەفتەیەکە مانی لە خواردن گرتووە

2017-12-12 14:07:13



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسی کورد، کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە دەستگیرکراوە، بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت یان مۆڵەتی سەردانی بدرێتێ، هەفتەیەکە مانی لە خواردن گرتووە.

 

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی ٢٣ی حوزەیران لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستگیر کرا، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو دۆخە نامرۆییەی بە سەریدا سەپێندراوە ماوەی هەفتەیەکە لە مانگرتن لە خواردندایە.

 

ئەمجەد حسێن پەناهی، برای ئەو زیندانییە سیاسییە لەم باریەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە: دوێنێ باوکم بۆ یەکەم جار توانی ڕامین ببینێت لە زیندانی لقی سنەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، لێکۆڵەرەکان داوایان لە باوکم کردووە بە ڕامین بڵێت کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێت، بەڵام ڕامین وتوویەتی تا کاتێک کە داواکارییە یاساییەکانی جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبێت لە مانگرتن لە خواردندا.

 

ئەمجەد حسێن پەناهی ئەوەشی وتووە: دۆسییەی براکەم بە تۆمەتی ئەندامێتیی یەکێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێردراوە بۆ دادگای شاری سنە، ئاگاداریان کردووینەتەوە، کە سوپای پاسداران داوای لە دەزگای دادگەریی ئێران کردووە سزای سێدارە بۆ ڕامین ببڕێتەوە.

 

جێگای ئاماژەیە، کە رۆژی ٢٣ی حوزرەیرانی ئەمساڵ، دەستەیەکی چوار کەسی پێشمەرگەکان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان-ئێران، لەناو شاری سنە کەوتنە بۆسەی سوپای پاسدارانی ئێران، بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا و پێشمەرگەیەکیش بەناوی ڕامین حسێنپەناهی بە برینداری کەوتە دەست هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin