Smiley face
Smiley face
Smiley face

پێنجوێن، دوو بۆمبی ناپاڵم تەقێندرانەوە

2017-12-12 13:14:14



ڕۆژنیوز - هاوکار مستەفا

 

لە ئەنجامی کێڵانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری شارۆچکەی پێنجوێن دوو بۆمبی جۆری ناپاڵم دۆزراونەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مینەوە تەقێنرانەوە.

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گوندی مەسۆ-ی سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن-ی پارێزگای سلێمانی-یەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینە دوو بۆمبیان تەقاندەوە، کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە، ئەمەش هەشتەم بۆمبی لەو شێوەیەن، کە دۆزراوەتەوە.

 

بەختیار فەتاح، سەرپەرشتیاری تیمی تایبەت بە تەقاندنەوەی مین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا زانیاری لەسەر جۆر و مێژووی بۆمبەکان خستەڕوو، وتی: ئەم دوو بۆمبە هەردووکیان لە جۆری ناپاڵمی وێران کەرن، کە یەکێکیان دروستکراوی ئیسپانیا و ئەویتریشیان پێدەچێت دروستکراوی ڕوسیا بێت، هەروەها مێژووی بۆمبەکانیش بۆ شەڕی نێوان عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە.

 

 

بەختیار فەتاح، وتیشی: لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تا ئێستا ئەمە هەشتەم بۆمبی لەم شێوەیەن کە لەم سنورەدا دەدۆزرێنەوە، توانیویشمانە سەرکەوتوانە کاری تەقاندنەوەیان بۆ بکەین، بۆیە پێشبینی دەکەین بۆمب و لوغمی لەم شێوەیە بەردەوامی هەبێت بەهۆی ئەوەی ناوچەکە هاوسنورە لەگەڵ ئێران و ماوەیەکی زۆر چەکی ململانێی نێوانیان بووە.

 

ئەو سەرپەرشتیارەی تەقاندنەوەی بۆمبەکانی سنوری پێنجوێن، ئاماژەی بەوەشکرد، کە کێشی هەریەکێک لەو بۆمبانە زیاد لە٥٠٠ کیلۆگرام دەبوون، هەروەها یەکێک لە بۆمبەکان ناپاڵمی جۆری ئاسمان بەزەوییە و نازاندرێت لەلایەن سوپای ئێرانەوە بەکارهێنراون یان عێراق.

 

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin