Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەشواق جاف: بەڵگەی تاوانكارییەكانی خورماتوو كۆدەكەینەوە و دەیدەینە دادگا

2017-12-12 10:16:54



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، كە لیژنەیەك لە پەرلەمانەوە پێكدەهێنن و سەردانی خورماتوو دەكەن، بەڵگەكان كۆدەكەنەوە و هەركەس پێشێلكاری ئەنجام دابێت لە هەر پێكهاتەیەك بێت بەپێی یاسا دەبێت سزا وەردەگرێت، دەشڵێت: پێویستە ئارامی بگەڕێتەوە بۆ خورماتوو.

 

باس لەوە دەكرێت كە لەڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەرو ڕۆژانی دوایی دەستدرێژی كراوەتە سەر نزیكەی هەشت ژنی كورد لە خورماتوو، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە سەردانی كەمپی ئاوارەكانی خورماتوویان كرد، بڕیار وایە، ئەو بەڵگانەی كۆیان دەكەنەوە ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دادگای بكەن.

 

ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، بە ڕۆژنیوزی وت:"دەبێت كۆبوونەوەیەك بكرێت لە نێوان لیژنەی ژنانی پەرلەمانی هەرێم لەگەڵ لیژنەی ژنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەڵگەكانیان ڕادەست بكەن، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن، چونكە ئەوە بەپێی یاسا قابیلی قبوڵ نییە".

 

وتیشی:"ئەو كەسانەش كە سەرپەرستی هێزەكانی ناو خورماتوو دەكەن باس لەوە دەكەن، كە قبوڵی ناكەن ئەندامەكانیان پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ بكەن، وە وەك پێكهاتەی كورد بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین پێشێلكاریتر لەم شارەدا ڕووبدات، لەبەر ئەوەی ئەم شارە شاری پێكەوە ژیانە، دەبێت ژیان بگەڕێتەوە بۆ هەموو پێكهاتەكانی ئەم ناوچەیە".

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەوانیش وەك نوێنەرانی كورد هەوڵی پێكهێنانی لپژنەیەكیان داوە بۆ ڕووداوەكانی خورماتوو، و وتی:"ئێمە وەك پەرلەمانتارانی كورد داوامان كردووە كە لیژنەیەك پێكبهێندرێت لە پەرلەمانتاران و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و دەزگا ئەمنییەكان بۆ ئەوەی سەردانی خورماتوو بكەین، بەڵام بەداخەوە دواكەوت وپەرلەمان كەوتە ناو پشوی زستانەوە".

 

وتیشی:"كە پەرلەمان دەستی بە دانیشتنەكانی كردەوە ئەو لیژنەیە پێكدەهێنین و سەردانی خورماتوو دەكەین و هەموو بەڵگەكان تۆمار دەكەین، دەیهێنینەوە ناو پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر دەكەین، هەركەسێك پێشێلكاری ئەنجام دابێت دەبێت سزا بدرێت، ئیتر هەركەسێك بێت و لە هەر پێكهاتەیەك بێت".

 

ئەوە لەکاتێکدایە، لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، كوردەكانی شارۆچكەی خورماتوو-ی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین، تاوەكو ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شارۆچكەكە، بەهۆی ئەوەی ترسی ئەوەیان هەیە كە ژیانیان پارێزراو نەبێت.

 

س.ح
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin