Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەهۆی بومەلەرزەکانی ئەمشەو-ەوە ١٠٠ کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە

2017-12-11 21:33:27



ڕۆژنیوز – پەیامنێران

 

بەهۆی بومەلەرزەکانی ئێوارەی ئەمڕۆوە، لە شاری هەڵبجە و شارۆچکەکانی دەربەندیخان و سەیدسادق، زیاتر لە ١٠٠ کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، هاوکات سبەینێ لە شارۆچکەی سەیدسادق لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن تاقیكردنەوەكان ڕادەگیرێن.

 

کاتژمێر ٠٥:١٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، بومەلەرزەیەك بەگوڕی 5.4 پلە بەپێوەری ڕێختەر، بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند، دوای نیو کاتژمێر لەو بومەلەرزەیە، بومەلەرزەیەکی دیکە بەگوڕی ٤.٩ ڕوویدا.

 

 

چەقی بومەلەرزەی یەکەم کە گوڕەکەی ٥.٤ پلە بوو، ٢٠ کیلۆمەتر لە شاری هەڵەبجە دوور بووە، هەروەها چەقی بومەلەرزەی دووەم کە گوڕەکەی ٤.٩ پلە بووە، ١٥ کیلۆمەتر لە شاری هەڵەبجە دوور بووە.

 

بەو هۆیەشەوە لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە، هاوکات ترس و دڵەڕاوکێشی لەناو هاوڵاتیاندا دروستکردووە.

 

 

سنور حامد، جێگری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی تەندورستی هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی وت:"پاش ڕوودانی بومەلەرزەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ، تائێستا ٥٠ هاوڵاتی بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، ڕەوانەی نەخۆشخانەی هەڵەبجە كراون، كە پێنج حاڵەتی شكانی ئێسك هەیە كە سیانیان مەترسیدارە و زۆربەی ئەوانەش كە ڕەوانە كراون حاڵەتی بوورانەوە بووە، كە بەهۆی شڵەژان و مەترسی ڕووداوەكە دوچاری ئەو حاڵەتانە بوون".

 

سنور حامد

 

سنور، وتیشی:"خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدان ڕووی نەداوە، تەواوی ئامادەكاری خۆمان كردووە بۆ پێشوازی لەبرینداران و هەر حاڵەتێكی تر بەهۆی بومەلەرزەکەوە و پێداویستی و داودەرمانیشمان هەیە".

 

ڕزگار واحید، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دەربەندیخان، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"بەهۆی بومەلەرزەکەوە پێنج هاوڵاتی برینداربووە و ١٥ هاوڵاتیش توشی حاڵەتی بێ هۆشی و شۆک بووە".

 

حەیدەر حەسەن، بەڕیوەبەری كارگێڕی لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕەوف بەگ، لە شارۆچكەی سەیدسادق، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەهۆی بومەلەرزەکانی ئەم شەوەوە، زیاد لە 30 كەس بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی و دەروونیانەوە گەیەنراونتە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكەمان، بەڵام خۆش بەختان هیچ حاڵەتێكی مەترسیدار تۆمار نەكراوە، ئەوەی كە تۆماركراوە زیاتر حاڵەتەكانی بوورانەو و لەهۆشخۆچوون و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و تێكچونی باری دەروونی بووە.

 

حەیدەر حەسەن

 

لەلایەكی ترەوە، سۆران محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق، بە ڕۆژنیوزی وت:بۆ ڕەچاوكردنی باری دەروونی خوێندكاران، بڕیارماندا كە سبەینێ لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن تاقیكردنەوەكان ڕابگیرێن و بخرێنە ڕۆژی داواتر، بەلام دەوامی ناوەندەكانی خوێندن ئاسایی دەبێت.

 

سۆران محەمەد

 

جێی ئاماژەیە، شەوی ١٢ی مانگی ڕابردوو، بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧.٣ پلە بە پێوەری ڕێختەر، کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەەڕاستی هەژاند، بەهۆشییەوە بەتایبەت لە سنووری شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارۆچکەی دەربەندیخان لە باشوری کوردستان، زیانێکی زۆری ماددی و گیانی تۆمارکران، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەناو هاوڵاتیاندا دروستکرد.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin