Smiley face
Smiley face
Smiley face

لایەنەکانی خورماتوو لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە

2017-12-11 17:54:42



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

لایەنە سیاسیەکانی خورماتوو لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە و داوایان کرد ھێزێکی ھاوبەش لە خورماتوو جێگیر بکرێت و دۆخی شارۆچکەکە ئاسایی بکرێتەوە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لایەنە سیاسیەکانی خورماتوو بە یاوەری شەلال عەبدول، قائیمقامی شارۆچکەی خورماتوو-ی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، سەردانی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کردوو لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە، بۆ قسەکردن لە بارەی دۆخی شارۆچکەی خورماتوو.

 

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، شەلال عەبدول، قائیمقامی خورماتوو ڕایگەیاند:"مەبەستی سەردانەکەمان گەیاندنی چەند داواکاریەکە بە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتووگۆکردنە لەبارەی دۆخی خورماتوو".

 

 

ناوبراو لەبارەی داواکارییەکانیانەوە وتی:" داواکاریەکانمان بریتین لە ئاساییکردنەوەی دۆخی خورماتوو، ئەویش بە ھێنانی ھێزێکی ھاوبەش بۆ پاراستنی ئارامی خورماتوو، کە نوێنەری کوردی تێدابێت بۆ ئەوەی کوردەکان بتوانن بگەڕێنەوە".

 

قائیمقامی خورماتوو ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەشێکی تری داواکاریەکانیان  بریتییە لەوەی کە لیژنەیەک پێکبێت بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو کەسانە بکەنەوە کە خانووەکانیان تەقێندراوەتە وە یان سوتێندراوە، یاخود بەھەر شیوەیەک بێت زیانیان بەرکەوتووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، شەلال عەبدول، قائیمقامی شارۆچکەی خورماتوو، ئاماژەی بە دۆخی خراپی ئاوارەکانی خورماتوو کرد و ڕایگەیاند، کە بەھۆی ھاتنی وەرزی سەرماوە ژیانی ئاوارەکان لە مەترسیدایە، داوای لە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەندی کرد بە ھانای ئاوارەکانەوە بڕۆن.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin