Smiley face
Smiley face
Smiley face

کامه‌ران گوڵپی: ھه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕۆژئاوا زۆر دیموکراتیانه‌ به‌ڕێوه‌چوو

2017-12-11 15:58:39



ڕۆژنیوز – ڕۆزه‌ محه‌مه‌د


کامه‌ران گوڵپی چالاکوان، له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕۆژئاوا ڕایده‌گه‌ینێت ده‌نگدان له‌ ڕۆژئاوا زۆر به‌ ئاسایی و دیموکراتی به‌ڕێوه‌چوو، هه‌روه‌ها کارمه‌ندانی سه‌ر سندوق و چاودێران سه‌رجه‌میان ژن بوون.


پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، له‌ ده‌زگای جه‌مال عیرفان له‌ شاری سلێمانی سیمینارێک له‌لایه‌ن ئه‌کادیمیای سیاسه‌ت و هزری دیموکراسی بۆ کامه‌ران گوڵپی چالاکوان ڕێکخرا سه‌باره‌ت به‌ گه‌شته‌که‌ی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و چاودێریکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕۆژئاوا.


له‌ ١ى ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی کانتۆنه‌کان، شاره‌وانییه‌کان و شارۆچکه‌کان له‌ کانتۆنه‌کانی عه‌فرین، شه‌هبا، گرێسپی، کۆبانێ، قامیشلو و حه‌سه‌که‌ و شار و شارۆچکه‌کانی سه‌ر به‌و کانتۆنانه‌ ئه‌نجامدرا، کامه‌ران گوڵپی که‌ وه‌کو چاودێرێک بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان چبووه‌ ڕۆژئاوای کوردستان، زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ سیمینارێکدا خسته‌ڕوو.


کامه‌ران گوڵپی، له‌ سیمیناره‌که‌دا، وتی: هه‌ڵبژاردن له‌ باکورى سوریا له‌ بچوکترین یه‌که‌وه‌ ده‌ستى پێکرد، پاشان بۆ شاره‌وانی و کانتۆنه‌کان و به‌شه‌کانی دیکه‌، ھه‌ر چوار ساڵ جارێک ھه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی گه‌ل ده‌کرێت.

 


باسی له‌وه‌شکرد: ڕێژه‌ی ٥٠٪ بۆ ژنانه‌، که‌ له‌ ڕووی کاندیده‌وه‌ ژنان توانیان ڕێژه‌یه‌کی باشیان ھه‌بێت، ھه‌ر که‌سێکیش که‌ ته‌مه‌نی ١٨ ساڵی تێپه‌ڕاندبێت ده‌توانێت خۆی کاندید بکات که‌ ئه‌مه‌ شتێکی تازه‌بوو، ھه‌روه‌ھا کاندیده‌کان نابێت سه‌رباز و چه‌کدار بووبێتن، ھه‌روه‌ھا ١٤ ڕۆژ بۆ بانگه‌شه‌ دیاریکراوه‌.


وتیشی: کارمه‌نده‌کانی سه‌ر سندوق و چاودێرانی سه‌ر سندوق و ھه‌ڵبژاردنه‌کان ھه‌موویان ژن بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ٩٠٪ خوێندنگاکان خوێندکاری ڕه‌گه‌زی مێن.


ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ده‌نگدان له‌ ڕۆژئاوا زۆر به‌ ئاسایی و دیموکراتی به‌ڕێوه‌چوو، ھیچ بانگه‌شه‌یه‌ک بۆ ھه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ڕۆژی ھه‌ڵبژاردندا نه‌بوو، ڕۆژئاوا له‌ ڕووی ھزر و پراکتیکیه‌وه‌ ئۆجالان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، وه‌ له‌ ڕیزی شه‌ھیده‌کانه‌وه‌ شه‌ھیدی مه‌سیحیش ھه‌بوو.


کامه‌ران گوڵپى ده‌ڵێت: " له‌ ڕۆژئاوا ڕێز له‌ که‌سوکاری شه‌ھیدان ده‌گیرێت و پێداویستی خوێندکارانی شه‌ھید و ته‌ندروستیان و جلوبه‌رگ و ئازوقه‌ی مانگانه‌ی که‌سوکاری شه‌ھیدان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ بۆیان دابین ده‌کرێت، له‌ ڕۆژئاوا قۆناغی قسه‌کردن تێپه‌ڕیوه‌ به‌ڵکو قۆناغی پراکتیکی ده‌ستی پێکردووه‌، ھه‌موو خه‌می ئه‌وه‌یان ھه‌یه‌ چۆن کار بکه‌ن".


پاشان به‌شداربووان پرسیار و سه‌رنجى خۆیان خسته‌ڕوو.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin