Smiley face
Smiley face
Smiley face

سیاسەتمەدارێکی فەرەنسی: ڕۆژئاوا شوێنی ژیانەوەی خەون و ئاواتەکانە

2017-12-11 12:08:13



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان


مۆرەل دارلو، سیاسەتمەداری فەرەنسیی و ئەندامی پارتی چەپی فەرەنسا ڕایگەیاند، کە ڕۆژئاوا شوێنی ژیانەوەی خەون و ئاواتەکانی هەموو سۆسیالیستەکانی جیهانە.


ئەو ئەندامەی پارتی چەپی فەرەنسا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی مەزۆپوتامیا کردووە و باسی لە کاریگەری شۆڕسی ڕۆژئاوا لەسەر بەرەی چەپی جیهانی کردووە، هەروەها گۆشەگیرکردنی ئۆجالانی شەرمەزارکردووە و دادگاییکردنی دەمیرتاش یوکسەکداغی بە دادگایی لە ڕۆمانی (دادگاییکردنی فرانتس کافکا) شوبهاندووە.


ناوبراو بەم شێوەیە قسەکانی دەستپپێکردووە: هەرچەند خەڵکی ئەوروپا بە باشی ڕۆژئاوایان نەناسیوە، بەڵام چەپەکان، ئانارشیستەکان و هەموو سۆسیال دیموکراتەکانی ئەوروپا بە وردی ئاگایان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا هەیە، کۆنفیدرالیی دیموکراتی، فیمینیزم و کۆمەڵگای دیموکراتی هەموو لە سیستمی رۆژئاوادا جێبەجێ دەکرێن، وڵاتان و کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو وەک یەکدی بەڕێوەدەبرێن، بەڵام لەو نێوانەدا ڕۆژئاوا سیستمێکی جیایە، ڕۆژئاوا شوێنی بەدیهاتنی خەون و ئاواتەکانی سۆسیالیستەکانە، ئێمە دەمانەوێت ڕۆژئاوا سەربکەوێت و بە شوێن خەونەکانمان بکەوین لەوێ.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا وتی: پێدەچێت بەم زووانە لە ڕۆژئاوای کوردستان ناوەندێکی کلتوری دابمەزرێنین، ئێستا هەموو جیهان لە هەوڵداندان ڕۆژئاوا گۆشەگیر بکەن، هەرچەند لە ڕۆژئاوا هەندێک کەموکوڕی دەبینرێت لە بەڕێوەبردنیدا، بەڵام تەنیا سیستمێکی نزیک بە ئایدیال لە جیهاندا ڕۆژئاوایە، لەوێ کورد خۆیان چارەنووسیان دیاریدەکەن، پێموایە دەبێت وڵاتانی دراوسێ پشتگیریی ڕۆژئاوا بکەن، چونکە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەمیشە بەپێی بەرژەوەندییەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن، بۆ نموونە ڕوسیا لەلایەکەوە خۆی لە کورد نزیک دەکاتەوە لەو لاشەوە خۆی لە ڕژێمی ئەسەد نزیک دەکاتەوە.


هەروەها باسی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکەی کرد و وتی: پێویستە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان کۆتایی پێبێت، ئەو گۆشەگیرکردنە دژی هەموو مافەکانی مرۆڤە، ئەوەی کە رێگا نادرێت سەردانی بکرێت ئێمەشی نیگەران کردووە، ئەوەی لە ئاست ئۆجالان ئەنجام دەدرێت پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆی مافەکانییەتی.


لە بارەی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغیشەوە وتی: هیچ دادگاییکردنێکی سەربەخۆ لە تورکیادا هەبوونی نییە، من سێ جار بۆ چاودێری دادگاییکردنەکان چوومەتە تورکیا، لەلایەکەوە دادگا بڕیار دەدا، لەولاوە پۆلیس بڕیاری تایبەت بە خۆی هەیە، ئەو شێوەیە لە دادگاییکردن زیاتر بە ڕۆمانی "دادگاییکردن" (The Trial)ی فرانتس کافکا دەچێت.


ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin