Smiley face
Smiley face
Smiley face

سۆران، ته‌نیا هاوڵاتیان هاوکاریى ئاواره‌کانى که‌رکوکیان کردوه‌

2017-12-11 11:47:45



ڕۆژنیوز ـ زاهیر ئیبراهیم


به‌ڕێوه‌به‌ری کۆچ و کۆچبه‌رانی شارۆچکه‌ی سۆرانی سه‌ربه‌ پارێزگای هه‌ولێر، ڕایگه‌یاند، ئه‌و ئاوارانه‌ى شارى که‌رکوک که‌ هاتونه‌ته‌ سۆران ته‌نها له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و خێرخوازانه‌وه‌ هاوکارى کراون و هیچ ڕێکخراوێک هاوکارى نه‌کردوون.


دواى ڕووداوه‌کانى ١٦ى ئۆکتۆبه‌ر و کۆنترۆڵکردنى شارى که‌رکوک له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، به‌شێک له‌ هاوڵاتیانى ئه‌و شاره‌ شاره‌که‌یان به‌جێهێشت و ڕوویان له‌ شار و شارۆچکه‌کانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان کرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ٨٨ خێزان ڕوویان له‌ شارۆچکه‌ى سۆران کرد.


عه‌باس ئه‌میر به‌ڕێوه‌به‌رى کۆچ و کۆچبه‌رانى سۆران به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ په‌لاماردانی چه‌کدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌رکه‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان  ٨٨ خێزان ڕوویان کرده‌ ده‌ڤه‌ری سۆران و به‌شێکیان له‌لایه‌ن خزمه‌کانیانن و به‌شێکی تریش هاووڵاتیانی سۆران به‌بێ به‌رامبه‌ر خانوویان پێداون".

 


وتیشى: به‌داخه‌وه‌ چه‌ند جارێک له‌ هه‌ندێ ماڵپه‌ر ولایه‌ن بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ ئه‌وانه‌ی ڕوویان له‌ سۆران کردووه‌ خێزان نین و چه‌کدارن، ئێمه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌و چه‌واشکاریه‌ ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ی هاتوون بۆ سۆران بریتین له‌ خێزانه‌کانی که‌رکوک و خورماتوو هیچ خێزانێک نیه‌ ژن و منداڵیان له‌گه‌ڵ نه‌بێت، له‌ سه‌ره‌تادا ژماره‌یان ٨٨ خێزان بوو، به‌ڵام به‌شێکیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ئێستاش ٥٥ خێزان  له‌ سۆران ماون.


ئه‌وه‌شى وت: خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری سۆران له‌ چه‌ند شوێنێک که‌مپینی کۆکردنه‌وه‌ی هاوکاریان پێکهێناوه‌ و خه‌ڵکی مرۆڤ دۆست و خێرخوازیش ڕۆڵیان هه‌بوو له‌ پێدانی پێداویستی و هاوکاری به‌ ئاواره‌کان.


باسى له‌وه‌ش کرد: "له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که‌ تایبه‌تن به‌ پێدانی هاوکاری، قسه‌مان کردووه‌ بۆ دابه‌شکردنی هاوکاری به‌سه‌ر ئاواره‌کانی که‌رکوک، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا به‌پیر بانگه‌وازمانه‌وه‌ نه‌هاتوون، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی کردوومانه‌ له‌سه‌ر ئه‌رکی هاووڵاتیان و خێرخوازان بووه‌".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin