Smiley face
Smiley face
Smiley face

به‌هۆى نۆژه‌ن نه‌کردنه‌وه‌ى ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ قه‌ڵاى میرى سۆران به‌ ته‌واویى بڕوخێت.. بە وێنە

2017-12-10 11:55:45



ڕۆژنیوز ـ زاهیر ئیبراهیم 


قه‌ڵاى میرى سۆران مه‌ترسى ئه‌وه‌ى لێده‌کرێت به‌ ته‌واوى بڕوخێت و له‌ناوبچێت ئه‌وه‌ش به‌هۆى نۆژه‌ن نه‌کردوه‌ى له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌.


ئیچ قه‌ڵا ناوی باره‌گای فه‌رمی میر محه‌مه‌د میرنشینی سۆران بووه‌، مێژووی دروستکردنی ئه‌و قه‌ڵایه‌ بۆ ساڵی ١٨١٣ تا ١٨٣٦ ده‌گه‌ڕێیه‌وه‌، ئیچ قه‌ڵا جگه‌ له‌وه‌ی ناوه‌ندی پێشوازیی و دانانی پلان و ده‌رکردنی فه‌رمانه‌کانی میر بووه‌،هاوکات شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی میر و خێزانه‌که‌شی بووه‌.


ئیچ قه‌ڵا ده‌که‌وێته‌ نێوان شارۆچکه‌ی سۆران و ڕواندزی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌و قه‌ڵایه‌ تا ئێستاش به‌شێک له‌  دیواره‌کان و ژێرزه‌مینه‌که‌شی هه‌ر ماوه‌، به‌ڵام به‌هۆی پشتگوێخستن و نۆژه‌ن نه‌کردنه‌وه‌ی مه‌ترسی ڕووخانی ته‌واوی لێده‌کرێت.


لێکۆله‌ر و مێژوونووس جه‌واد نه‌ورۆز ساڵح، بۆ ڕۆژنیوز له‌ باره‌ی گرنگی و پێگه‌ی ئیچقه‌ڵا له‌ مێژووی میرنشینی سۆران قسه‌ی کرد و وتی: ئیچ قه‌ڵا له‌ ساڵی ١٨١٣ باره‌گای فه‌رمی میر محه‌مه‌دی مه‌نصور واتا میری گه‌وره‌ یاخود میرى سۆران بووه‌، ئه‌م  قه‌ڵایه‌  گرنگ بووه‌ بۆ میرنشین، بۆنموونه‌ له‌ ڕووی  جوگرافیه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری به‌رزاییه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر رووباری کاولۆکان و له‌ ده‌وروبه‌ری قه‌ڵاکه‌شدا له‌ سه‌رده‌می میر محه‌مه‌د چه‌ندین قه‌ڵای بچوک دروستکراون بۆ پارێزگاریکردن و چاودێریکردنی ئیچ قه‌لا". 

 


جه‌واد نه‌ورۆز ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌کات: "له‌ ئیچ قه‌ڵا بڕیار و نه‌خشه‌ و پلانه‌کانی میرنشینه‌که‌ داده‌ڕێژران و ڕاده‌گه‌یه‌نران که‌ قۆناغی میری گه‌وره‌ى پێ وتراوه‌، یان سه‌رده‌می زێڕینی میرنشینی سۆران که‌ به‌پێی دانپێدانانی شاره‌زایان و نووسه‌رانى کورد و بیانیه‌کانیش، ده‌ڵێن میرنشینی سۆران له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی میر محه‌مه‌د قه‌واره‌یه‌کی سیاسی سه‌ربه‌خۆ بووه‌، ته‌نانه‌ت ته‌خت و تاج و دراو و سوپا و ده‌ستوری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بووه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌کیش هه‌یه‌ ده‌ڵێت دروستکردنی پاره‌ی میرنشینه‌که‌ و سکه‌ی پاره‌که‌ش هه‌ر له‌م قه‌ڵایه‌ بووه‌". 


ئه‌و لێکۆله‌ره‌ ده‌شڵێت: "من پێم سه‌یره‌ بۆچی ئیچ قه‌ڵا نۆژه‌ن نه‌کرایه‌وه‌، که‌ باره‌گای فه‌رمی گه‌وره‌ترین میرنشینی کورد بووه‌، ته‌واوی رێکه‌وتن و دانووستانه‌کان له‌گه‌ڵ میر له‌م قه‌ڵایه‌ بووه‌ واتا ئه‌م شوێنه‌ مێژوویه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، چونکه‌ نه‌ک هه‌ردوو ئیمپڕاتۆریه‌تی سه‌فه‌وی و عوسمانی، به‌ڵکو ئینگلیز و بیانیه‌کانیش به‌ چاوی ترس لێیان ده‌ڕوانی و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ به‌ پیلانێکی شووم و به‌ به‌ژداری زلهێزه‌کانی ئه‌وسا میرنشینه‌که‌یان په‌یتا په‌یتا پوکانده‌وه‌".


جه‌واد نه‌ورۆز ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: پێویسته‌ ئه‌و قه‌ڵایه‌ نۆژه‌ن بکرێته‌وه‌ هاوشێوه‌ی قه‌ڵای شێروانه‌ و قه‌ڵاکانی تر، بۆئه‌وه‌ی بکرێته‌ مۆزه‌خانه‌یه‌ک یان شوێنێکی گه‌شتیاریی و داهاته‌که‌شی له‌ کایه‌ی ڕۆشنبیریی و هونه‌ریی خه‌رج بکرێت، قه‌ڵاکه‌ که‌وتۆته‌ نێوان هه‌ردوو شارۆچکه‌ی سۆران و ڕواندز، ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتر په‌راوێز بخرێت ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئاسه‌واری نه‌مێنێت.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin