Smiley face
Smiley face
Smiley face

ناشاد: تەنهایی سەرچاوەی ئیلهامی شێوەکاریمە

2017-12-09 12:55:54



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

ناشاد نزیکەی ٥٠ ساڵە شێوەکارەو ئازار و خەمەکانی لە ڕێگەی فڵچەکەی دەستییەوە دەخاتەڕوو، سەرچاوەی ئیلهامی وێنە پڕ خەمەکانیشی بۆ ئەو تەنهاییە دەگەڕێتەوە کە تێیدا دەژی.

 

محەمەد حەسەن ناسراو بە ناشاد لە ساڵی ١٩٥٤ لە گەڕەکی کانی ئاسکان لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، ئەو شێوەکارە نزیکەی ٥٠ ساڵە خەریکی وێنە کێشانە و لە کارەکانیدا چەندین شێوازی هونەری بەکارهێناوە.

 

 

سەرەتای بەهرەی شێوەکاری لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا تێیدا دەرکەوتووە، کاتێک لە خوێندنگادا وێنەی شاخ و داری بە جوانترین شێوە دروست کردووە تا گەیشتووەتە ئەوەی هاوڕێکانیشی داوایان لێکردووە وێنەی شاخیان بۆ بکێشێت.

 

پشتگیری باوکیشی هۆکارێکی دیکە بوو کە ناشاد پەرە بە بەهرەکەی بدات، وەک خۆی، دەڵێت: باوکم بۆیەی ئاویی بۆ دەهێنامەوە لەگەڵ دەفتەری وێنە و دەیوت دەی وێنە بکێشە، دواتر وردە وردە دەستم کرد بە وێنە کردن لە دیواری ماڵەوەدا.

 

ناشاد بۆ هاتنە نێو دنیای هونەری شێوەکاری بە کۆمەڵێک هونەرمەند سەرسام بووەو، دەڵێت: سەرسام بووم بە کارەکانی هونەرمەندی شێوەکار جەمال بەختیار، کە وێنەی دەکێشا سەیری دەستیم زوو زوو دەکرد، پێشی دەوتم سەیربکە، کە گەورەبوویت با ببیت بە شێوەکار، هەروەها هونەرمەند خالید زامدار کاریگەری ئەویشم لەسەر بووە.

 

 

لە تابلۆکانیدا هەمیشە هەوڵی داوە وێنەی سروشتی جوانی کوردستان و وێنەی منداڵ و گەڵا و گوڵ بکێشێت لە وەرزەکانی کوردستاندا، وێنەی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی وەکو چارلی چاپلن و ئەنیشتاین کە یەکێک بوون لەو کەسایەتییە بەناوبانگانەی ناشاد پێی سەرسام بووەو وێنەیانی کێشاوەتەوە.

 

ئەو شێوەکارە لە ژیانیدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک نەهامەتی و ناخۆشی و دەربەدەری بووەتەوە، بۆیە نازناوی "ناشاد"ی لەخۆی ناوە، تاوەکو ناوەکەی ئاماژە بێت بۆ ئەو ئازارەی کە چەشتویەتی، لە ئێستاشدا لە تاکە ژوورێکدا لە شاری سلێمانی بە تەنهایی ژیان بەسەردەبات.

 

ناشاد دەڵێت: حەزم لە تەنهاییە و من بە تەنهایی ڕاهاتووم، ئەگەر تەنهایی نەبوایە نەمەتوانی وێنە بکێشم، بۆیە تەنهایی ئیلهامی هونەرەکەمە.

 

لە سەرەتادا بە قەڵەم ڕەساس وێنەکانی کێشاوە و دواتر لە ساڵەکانی ٧٠ لەسەر لەوحێکی ڕەش وێنەی دەکێشا، پاشان فڵچە و بۆیەی زەیتی و بۆیەی ئاوی و بۆیەی دیوار بەکارهێناوە، ئەمە وەک ئەوەی خۆی گێڕایەوە.

 

جگە لە وێنەکێشان لەسەر وەرەقە لەسەر دیواریش وێنەی کێشاوە، وەک ناشاد خۆی دەڵێت:"کاتێک بێ لانە بووم و لەناو چوار دیواردا دەمامەوە و پارچە کارتۆنێکم دەدا بە خۆمدا و شەو تا بەیانی لە سەرمادا دەلەرزیم، بەیانی کە بە ئاگادەهاتم دیوارەکانم بۆیە دەکرد و وێنەم تێدا دەکێشا، هەروەها وێنەشم لەسەر دیوارەکانی چایخانەکان و نادی و کۆڵانەکان و ماڵەکانیشدا کردووە".

 

ناشادی شێوەکار ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە نەخۆشی شێرپەنجەی قورگی هەیە، ئەو نەخۆشیەش کاریگەری کردوەتە سەر هەناسەدان و قسەکردنی، لەگەڵ ئەو نەخۆشیەشدا نەخۆشی دڵ-یش بەرۆکی ناشادی گرتووە.

 

 

لە خۆشەویستی بۆ وێنەکانی دوای تەواو بوونی لەلای خۆی دەیهێڵێتەوەو نایفرۆشێت، مەگەر پێویستی بە پارەکەی بێت بۆ کڕینی دەرمان بۆ نەخۆشیەکەی.

 

ناشاد، دەشڵێت: پێشانگای تایبەتیم زۆر کردوەتەوەو بەشداری پێشانگای هاوبەشی زۆرم کردووە، لە پێشانگاکاندا هاوڵاتیان بە شێوەیەکی باش پێشوازیان کردووە، بەڵام بەداخەوە کە هونەری شێوەکاری و پەیکەرتاشی لەلای کورد نەبووە بە کلتورێک، واتە لە ماڵانە بە ڕێژەیەکی کەم دەبینیت کە پەیکەرێکیان بۆ جوانی دانابێت یاخود تابلۆیەکیان هەڵواسیبێت.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin