Smiley face
Smiley face
Smiley face

چەمچەماڵ، لە پانێڵێکدا ڕووانگەی ئاینە جیاوازەكان بۆ ژن خرایەڕوو

2017-12-07 19:04:26



ڕۆژنیوز- ئاشتی ئەحمەد

 

بەمەبەستی كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان دژبە ژنان، لە شارۆچكەی چەمچەماڵ، لە پانێڵێکدا ڕووانگەی ئاینە جیاوازەكان لەبارەی پێكەوەژیان و تێڕوانینیان بۆ ژنان خرایەڕوو، تا لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هاوڵاتی هۆشیاربكرێنەوە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شارۆچكەی چەمچەماڵ-ی سەر بە شاری سلێمانی، دەزگای ژیان بۆ مافەكانی مرۆڤ، پانێڵێكی لەسەر پێكەوەژیان لەڕووانگەی ئاینە جیاوازەكانەوە سازكرد.

 

 

ئاسرەوان قادرۆ، كەسایەتییەكی ئاینی زەردەشتی لەپانێڵەكەدا باسی لەوەكرد، كە لەڕووانگەی ئاینی زەردەشتییەوە، باس لەگوتاری باش و ڕەفتاری باشكراوە و ڕێز لەژنان گیراوە، وتیشی:"جوانترین شت لەدونیادا خودایە، هەروەها جوانترین دروستكراوەكانی خوداش مرۆڤە، بۆیە ناكرێت جوانترین دروستكراوی خودا بچەوسێنرێتەوە كە ژنە".

 

ئاسرەوان قادرۆ

 

هەر لە پانێڵکەدا، مامۆستا عەبدولوەهاب سەنگاوی، سەرۆكی لقی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە چەمچەماڵ، ئاماژەی بەوەكرد، كە هیچ دەقێكی قورئان و فەرموودە ڕێگەی بەوە نەداوە ژنان بچەوسێنرێتەوە، بەڵكو باسی پێكەوەژیان و ژیان دۆستی كردووە.

 

عەبدولوەهاب سەنگاوی

 

دەربارەی پێكەوەژیان و تێڕوانی ئاینی مەسیحی، سالار جاف، کەسایەتی مەسیحی ئەوەی خستەڕوو، كە لەڕوانگەی ئاینی مەسیحییەوە پیاو دوای ژن دێت و زۆر ڕێز لەژنان گیراوە.

 

سالار جاف

 

دەربارەی تێڕوانی كاكەیی بۆ ژنان و پێكەوەژیان، هەرێم كاكەیی، سەرۆكی كۆمەڵەی ڕووناكبیری و كۆمەڵایەتی یارسان وتی: وەك كاكەیی سەرەڕای ئەوەی بەردەوام كاكەییەكان چەوساونەتەوە بەتایبەت بەدەستی چەتەكانی داعش، بەڵام ئەوان بەردەوام باوەڕیان بەپێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە ژنان هەبووە.

 

هەرێم كاكەیی

 

لەسەر ئامانجی پانێڵەكە، بۆكان عەبدوڵا، پارێزەر لە دەزگای ژیان بۆ مافەكانی مرۆڤ، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"ئامانج لەبەستنی ئەم پانێڵە بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان و چۆن ئاینەكان دەڕواننە پێكەوەژیان و ڕێزی ژنان دەگرن، بۆیە لەسنوورەكە كە پیاوانی ئاینی زەردەشتی و مەسیحی و كاكەیی و ئیسلام لەو ڕووانگەیەوە هۆشداری دەدەن بەخەڵك، كە ئاینەكان هەموویان دژی توندوتیژی و داوای پێكەوەژیان و ڕێزگرتنی یەكتری دەكەن.

 

بۆكان عەبدوڵا

 

وتیشی:"دەبێت كاربكەین بۆ كۆمەڵگایەكی تەندروست، چونكە كۆمەڵگای تەندروست ئەوەیە ژنانی تێدا سەربەست بێت، هەر كۆمەڵگایەكیش نیوەی چەوساوەبوو، ئەوە بێگومان ئەو كۆمەڵگایە كۆمەڵگایەكی تەندروست نابێت، بۆیە بەهەمان ئامانج پانێڵی دیكەمان لەشار و شارۆچكەكانی دیكەی هەرێم دەبێت".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin