Smiley face
Smiley face
Smiley face

خورماتوو، ڕێگەنەدرا شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕۆنە گەڕەکە کوردییەکانەوە

2017-12-07 18:22:56



ڕۆژنیوز - هاوڕێ کرێکار

 

ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو ڕایدەگەیەنێت، چەکدارانی حەشدی شەعبی ڕێگایان نەداوە، کە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شارۆچکەکە بکەن، دەشڵێت:"لەکۆی ٧٠ هەزار کورد،تەنها ٢٠٠ کورد لە شارۆچکەی خورماتوو ماوەتەوە".

 

 ئەمڕۆ، وەفدێکی تایبەت بە مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، سەردانی شارۆچکەی خورماتوو-ی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینی کرد و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی شارۆچکەکە لەسەر دۆخی شارۆچکەکە کۆبووەوە.

 

سەردار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو، بە ڕۆژنیوزی وت: وەفدەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بوون بە مافی مرۆڤ و لەسەر ڕۆشنایی ئەو داواکارییانەی خەڵکی خورماتوو هاتبوونە شارۆچکەکە کە ئاراستەیان کرابوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی شارۆچکەکە کۆبوونەوە لەسەر ئەو دۆخە ناهەموارەی هەیە بکەن، کاولکارییەکانی گەڕەکە کوردییەکانی خورماتوو بەچاوی خۆیان ببینین.

 

 

سەردار ئەحمەد، وتیشی: وەفدەکە لەگەڵ شەش ئەندامی ئەنجومەنی خورماتوو کۆبوونەوە، دوو کورد و دوو عەرەب و دوو تورکمان، هەر نەتەوەیەک و ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دایە وەفدەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێمەش وەک ئەندامانی کورد ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلمان پێدان لەسەر ڕووداوەکانی کوشتن و تەقاندنەوەی خانووی هاوڵاتیانی کورد و ئاوارە بوون و نەبوونی جێگا و ڕێگا و برسێتی خەڵکی خورماتوو و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان دایە شاندەکە نەتەوەیەکگرتووەکان.

 

هەروەها، ناوبراو باسی لەوەشکرد: ئەوەمان بەوەفدەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وت، کە ئەگەر لایەنەکانی تر لەناو شارۆچکەکە ڕەتیدەکەنەوە دۆخی خورماتوو نائارامە، فەرموون بەچاوی خۆتان تەقاندنەوەی تازەترین خانووتان پێی پیشان دەدەین، هەروەها بینبینن لە ٧٠ هەزار کورد، ٢٠٠ کورد لە شارۆچکەکە هەیە، ئەگەر ئارامە و هیچ لە شارۆچکەکە نییە، ئەو خەڵکە بۆ ناگەڕێنەوە".

 

 سەردار ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا، داوامان کرد شاندەکە ببینە نێو گەڕەکە کوردییەکان و کاولکارییەکان بەچاوی خۆیان ببینن و تۆماری بکەن، بەڵام حەشدی شەعبی و لایەنی تورکمانی لە ئەنجومەن ڕێگایان نەدا کە شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بچنە نێو گەڕەکەکان و وتوویانە، کە دەبێت ڕێگەپێدان لە فەرماندەیی هێزە سەربازییەکانی سەڵاحەدین و پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین و فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی وەربگرن، ئەو کات ڕێگاتان دەدەین بڕۆن سەیری گەڕەکە کوردییەکان بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو، ئەوەشی خستەڕوو: کۆبوونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتایی هاتووە.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin