Smiley face
Smiley face
Smiley face

نەپەگە: گەریلاکان تۆڵەی هێرشەکەی سەر مەخمور دەکەنەوە

2017-12-07 15:37:08



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل- نەپەگە، سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: گەریلاکان تۆڵەی هێرشەکەی سەر مەخمور دەکەنەوە.

 

نەپەگە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا یادی شەهیدانی ئەو هێرشەی کردەوەو سەرەخۆشی لە هاوڵاتیانی کامپەکە و گەلی کورد کردو لە میانەی ڕاگەیەندراوەکەدا هەڵوێستی لە بەرامبەر هێرشەکەدا ڕاگەیاند.

 

نەپەگە ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هەڤاڵان بۆتان، باز، چەکدار، بۆتان و دەوران شەهیدبوون، بە ڕێزەوە یادی ئەو شەهیدانە دەکەینەوەو سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنین، هەروەها سەرەخۆشی دەکەین لە هاوڵاتیانی کامپی شەهید ڕوستەم جودی و هەموو گەلی کورد و هیوای تەندروستیمان هەیە بۆ بریندارانی هێرشەکە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی نەپەگەدا هاتووە: یەکینەکانی خۆپاراستنی کامپی مەخمور لە بەرامبەر چەتەکانی داعشدا خۆیان ڕێکخست و هاوڵاتیانیان لە بەرامبەر هێرشی داعشدا پاراست، هێرش بۆ سەر ئەو یەکینانە وەک وەڵامێک بۆ لەناوچوونی داعش دەزانین، بە دڵنیاییەوە ئەو هێرشە لەلایەن تورکیای داگیرکەرەوە ئەنجامدراوە، واتادارە کە ئەو هێرشە لە خاکی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراق کراوەتە سەر ناوچەیەک کە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنەکەی لە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکانە، تا کاتێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی فیدرالی عێراق لە بارەی هێرشەکەوە ڕاگەیەندراو نەدەن، گومان لە بارەیاندا لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر هاوکارییەکان نەبێت لە ئەنجامدانی ئەو هێرشەدا، دەبێت سەبارەت بە چۆنێتی ئەنجامندانی هێرشەکە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن.

 

لە کۆتاییدا نەپەگە ڕایگەیاند: لە چلەمین ساڵی تێکۆشانی پەکەکەدا، دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان هەموو هێزی دژی گەلی کورد بەکاردێنێت و هێرشدەکاتە سەر گەلەکەمان، دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی نامرۆیانە هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی وڵاتپارێزی کامپی مەخمور، بەمشێوەیە جارێکی دیکە ڕووی ڕاستی خۆی پیشاندا، پێویستە هەمووان بزانن، کە گەریلاکانی کوردستان تۆڵەی ئەو هێرشە دەکەنەوەو ڕێگا نادەن کە خوێنی شەهیدانی هێرشەکە بە فیڕۆ بچێت.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin