Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژمارەیەک لەو پۆلیسە کوردانەى لە خورماتوو دەستگیرکرابوون ئازاد کران

2017-12-07 12:05:15



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار

 

دواى پێنج ڕۆژ مانەوەیان لە زیندان، لەو ٢٥ پۆلیسە کوردەى، کە بە هۆی بەشداریکردنیان لە ڕیفراندۆم، لە لایەن پۆلیسی پارێزگاى سەڵاحەدینەوە دەستگیرکرابوون، ٢٢ پۆلیسیان بە کەفالەت ئازاد کران، سێ پۆلیسەکەی تریش چاوەڕوانی کەفیلن.

 

شەوی ڕابردوو، ئەو پۆلیسە کوردانەى، کە بە بڕیارێکى پۆلیسی پارێزگاى سەڵاحەدین بە هۆی بەشداری کردنیان لەپرۆسەى ڕیفراندۆم دستگیر کرابوون، ئازادکران و گەڕانەوە نێو خانەوادەکانیان.

 

مەلا حەسەن گەرمیانى، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بۆ ڕۆژنیوز وتى: بە هەوڵی من وەک ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا و شەلال عەبدول قائیمقامى شارۆچکەى خورماتوو و مەڵبەندی ١٦ حەمرینی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، ئەو ٢٥ پۆلیسە کوردەى دەستگیرکرابوون ٢٢ پۆلیسیان ئازادکران و گەڕانەوە نێو خێزانەکانیان و لە ڕۆژانى داهاتووا دەگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان لە پۆلیسی خورماتوو.

 

 

مەلا حەسەن، وتیشی: ئەو پۆلیسانەى لە خورماتوو دەوام دەکەن و بڕیاری دەستگیرکردنیان هەبوو، ٢٩ پۆلیسن، ٢٥ پۆلیسیان دەستگیر کرابوون و سێ پۆلیسی پاسەوانى من و پۆلیسێکى تر، کە لە ئەرکدا نەبوو، دەستگیر نەکرابوون، بۆیە ئەو پۆلیسانەى دەستگیرکرابوون ٢٢ پۆلیسیان ئازادبوون و سێ پۆلیسی تریان ماوە ئازاد بکرێن، لەبەر ئەوەى کەفیلیان نییە و لەهەوڵداین کەفیل بۆ ئەوانیش دابین بکەین.

 

ناوبراو، باسی لەوەش کرد: پرۆسەى کەفالەتکردنى ئەو پۆلیسانە لە شارۆچکەى خورماتوو بەڕیوە دەچێت و هەر کەسێک ئەبێتە کەفیلی ئەو پۆلیسانە، لە بەرێوەبەرێتى پۆلیسی خورماتوو مامەڵەکە تەواو دەکات و دواتر دەیبات بۆ پۆلیسی پارێزگاى سەڵاحەدین.

 

مەلا حەسەن، ئاماژەى بەوەش دا، کەفالەتەکە بە شێوەیەکى ڕۆتین ئەنجام دەدرێت و پۆلیسێکى هاوڕێی ئەو پۆلیسە کوردانە لە هەمان بنکە، کە پێکەوە دەوام دەکەن و لە نەتەوەیەکى ترن، دەتوانن ببنە کەفیلی ئەم پۆلیسە کوردانە و ئازاد بکرێن.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin