Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئیسرائیل ـ فه‌له‌ستین، ٧٠ ساڵ شه‌ڕ و ململانێ

2017-12-07 11:20:55



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


کێشه‌ى فه‌له‌ستین ـ ئیسرائیل یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ستیارترین و قورسترین کێشه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ماوه‌ى ٧٠ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌.


له‌ ساڵى ١٩٤٧وه‌ کێشه‌ى ئیسرائیل فه‌له‌ستین ده‌ستى پێکردوه‌ و هه‌تا ئێستاش چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌، هه‌ریه‌ک له‌و دوو وڵاته‌ ناکۆکى سه‌ره‌کیان له‌سه‌ر شارى قودس بووه‌، هه‌ر یه‌کێکیان قودس به‌ هى خۆى ده‌زانێت.


به‌ درێژایى ئه‌م ماوه‌یه‌ ئیسرائیل قودسى به‌ پایته‌ختى خۆى زانیوه‌ و فه‌له‌ستین-یش به‌ پایته‌ختى خۆى زانیوه‌.


ئیسرائیلییه‌کان به‌ قودس ده‌ڵێن، جیروسه‌لیم یاخود ئۆرشه‌لیم. 


قودس شارێکى پیرۆزه‌ بۆ موسڵمانه‌کان و جوله‌که‌کان و مه‌سیحییه‌کان، شاره‌که‌ بۆ جوله‌که‌کان و مه‌سیحییه‌کانیش گرنگه‌ چونکه‌ زۆربه‌ى ڕووداوه‌ گرنگه‌کانى ناو ئینجیل له‌ قودس بوون و هه‌روه‌ها له‌ کتێبى پیرۆزى جوله‌که‌کانیشدا باسى قودس کراوه‌.


بۆ موسڵمانه‌کانیش قودس موقه‌ده‌س بووه‌ و شه‌ڕى مێژوویان له‌سه‌ر قودس کردووه‌، هه‌روه‌ها له‌ قودس (مه‌سجد ئه‌لئه‌قسا) هه‌یه‌ که‌ له‌ قورئاندا باسکراوه‌ و موسڵمانه‌کان به‌ قیبله‌ى دووه‌مى خۆیانى ده‌زانن.


 له‌ شه‌ڕه‌ مێژوویه‌کاندا کوردیش به‌شدارى کردوه‌ بۆ قودس و یه‌کێک له‌ فه‌ره‌مانده‌ به‌ناوبانگه‌کانى جه‌نگى قودس سه‌ڵاحه‌دینى ئه‌یوبى بووه‌، که‌ سه‌رچاوه‌ مێژوویه‌کان ده‌ڵێن کورد بووه‌.


شارى قودس له‌ژێر کۆنترۆڵى ئیسرائیلدایه‌ و شاره‌که‌ له‌ موسڵمان و جوله‌که‌ و مه‌سیحى پێکهاتووه‌ و به‌پێى ئامارێکى په‌یمانگاى سینک تانکى جیروسه‌لیم-ى سه‌ربه‌خۆ دانیشتوانى قودس نزیکه‌ى ٨٥٠ هه‌زار که‌سن و له‌و ڕێژه‌یه‌ش ٣٧%ى عه‌ره‌بن و ٦١%ى جوله‌که‌ن و ٢%ى دانیشتوانیش مه‌سیحین.


ئه‌گه‌رچى شاره‌که‌ فره‌ ئاینى و نه‌ته‌وه‌ و ڕه‌نگى جیاوازه‌، به‌ڵام عه‌ره‌ب و جوله‌که‌ له‌ قودس نه‌یانتوانیوه‌ پێکه‌وه‌ بژین و به‌رده‌وام له‌ناو شه‌ڕ و پێکدادان و ئاڵۆزییدا بوون، ماوه‌ى ٧٠ ساڵه‌ ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ به‌رده‌وامه‌.


بڕیارى ترامب بۆ ناساندنى قودس به‌ پایته‌ختى ئیسرائیل پێچه‌وانه‌ى سیاسه‌تى سه‌رۆکه‌کانى پێشووى ئه‌مریکایه‌، که‌ هه‌وڵیانداوه‌ هه‌ندێک نێوه‌ندگیرى بکه‌ن له‌نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل، ئه‌و بڕیاره‌ى ترامپ به‌رده‌وامیى ده‌دات به‌ ئاڵۆزییه‌کان و شه‌ڕ و پێکدادان، چونکه‌ موسڵمانه‌کانى زه‌حمه‌ته‌ ده‌ستبه‌ردارى قودس بن.


ترامپ له‌گه‌ڵ بڕیارى ناساندنى قودس به‌ پایته‌ختى ئیسرائیل هاوکات بڕیاریشیدا باڵیۆزخانه‌ى وڵاته‌که‌ى له‌ ته‌لئه‌بیب پایته‌ختى ئێستاى ئیسرائیله‌وه‌ بگوێزرێته‌وه‌ بۆ قودس.


له‌ ئێستادا هیچ وڵاتێک باڵیۆزخانه‌یان له‌ قودس نییه‌، به‌ڵام ٨٦ وڵات له‌ ته‌لئه‌بیب باڵیۆزخانه‌یان هه‌یه‌، ئه‌مریکا یه‌که‌م وڵات ده‌بێت که‌ باڵیۆزخانه‌که‌ى بگوێزێته‌وه‌ قودس.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin