Smiley face
Smiley face
Smiley face

پەیڕەوانی ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان گەورەترین مزگەوتی خانەقین نۆژەن دەکەنەوە

2017-11-30 14:22:55



ڕۆژنیوز – ئەمیر خانەقینی

 

گەورەترین مزگەوتی شارۆچکەی خانەقین، که‌ به‌هۆی بومەلەرزەکەوە‌ زیانی به‌رکه‌وت و به‌شێکی ڕووخا، بە کۆمەکی سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی دانیشتووی خانه‌قین به‌ ئاین و مه‌زهه‌به‌ جیاوازه‌کانەوە نۆژەن دەکرێتەوە.

 

بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی ١٢ی ئەم مانگەوە، بەشێکی مزگه‌وتی عومه‌ری کوڕی حه‌فسه،‌ کە گەورەترین مزگەوتی شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالەیە ڕووخا و لە ئێستادا نۆژەن دەکرێتەوە.

 

 

مزگەوتی عومەری کوڕی حەفسە، له‌ ساڵی ١٩٩٩ له‌سه‌ر ئه‌رکی د.عه‌بدولقادر دەستکرا بە دروستکردنی، کە هاوڵاتییەکی خانەقینە و خۆشی دیزاینی بۆ کردووە، چونکە ئەندازیاربووە، به‌ڵام به‌ نیمچه‌ ته‌واوی مایه‌وه،‌ چونکه‌ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی کرد.

 

پاش ڕووخاندن رژێمی پێشووی عێراق د.عەبدولقادر گه‌ڕایه‌وه‌ خانەقین و مزگه‌وته‌که‌ی ته‌واو کرد، لە ساڵی ٢٠٠٧ بە ئامادەبوونی وه‌زیری ئه‌وقافی هه‌رێمی کوردستان مەراسیمی کردنەوەی مزگەوتەکە بەڕێوەچوو.

 

ڕووبەری مزگەوتەکە شه‌ش هه‌زار مه‌تر چوارگۆشەیە، پێکدێت له‌ دوو حه‌ره‌م و خوێندنگایەکی ئاینی و هۆڵێکی پرسه‌ و ژماره‌یه‌ک باخچە، کە دەکەوێتە سەنتەری شارۆچکەی خانەقین-ەوە.

 

مزگه‌وته‌که‌ کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه‌ له‌ ڕووی دیزانه‌وه‌ له‌وانه‌ به‌زی منارەکە له‌گه‌ڵ حه‌وحشه‌ی گه‌وره‌ی مزگه‌وته‌کە، کە برتییه‌ له‌ ٦٣ مەتر، که‌ ده‌کاته‌ ته‌مه‌نی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(محەمەد عەبدوڵا)، هه‌روه‌ها له‌ پێنچ سوچ دروست کراوه‌ که‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ پێنچ ئه‌رکانه‌کانی ئیسلام، هۆڵی حه‌وشه‌ی گه‌وه‌ره‌ی مزگه‌وته‌که-ش‌ له‌ سه‌ر چوار دنگه‌ دروستکراوه‌، که‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ چوار خه‌لیفه‌کەی ئیسلام.

 

 

له‌ شه‌وی بومه‌له‌رزه‌که‌ منا‌ره‌ی مزگه‌وته‌که،‌ که‌ درێژییه‌که‌ی ١٢ مه‌تر بوو ڕووخا و زیانی نزیکه‌ی ١٠٠ مەتر  به‌ حه‌ره‌می گه‌وره‌ی مزگه‌وته‌که‌ گه‌یشت، به‌ڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە.

 

ڕۆژی پاش ڕووداوه‌که‌، شاره‌وانی سه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان لە خانەقین هه‌ستان به‌ ده‌رکردنی پاشماوه‌ی ڕووخاویی مزگه‌وته‌که،‌ هه‌روه‌ها هاوڵاتیانی شاری خانه‌قین به‌ سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی له‌ (کورد، عه‌ره‌ب، تورکمان، سونه‌، شیعه‌، کاکه‌یی) بەبێ جیاوازیی ڕوویان کرده‌ مزگه‌وته‌که‌ و هاوکارییان پێشکه‌شکرد به‌مه‌به‌ستی نۆژه‌نکردنەوەی.

 

 

کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە بەردەوامیی هەیە و وەک د.نۆفه‌ل زه‌هاوی، وتارخوێنی مزگه‌وتی عومه‌ری کوڕی حه‌فسه‌ وتی: له‌ ئایندەیەکی نزیکدا مزگه‌وته‌که‌ نۆژه‌نده‌کرێته‌وه‌ دەر‌گاکانی ده‌کاته‌وه‌ به‌ڕووی خه‌ڵکی خانه‌قین-دا له‌پێناو پێکەوەژیان و خۆشه‌ویستی له‌نێوان سه‌رجه‌م پێکهاته‌کان.

 

د.نۆفه‌ل زه‌هاوی

 

فه‌رهاد ئیساعیل، هاوڵاتییه‌کی شارۆچکەی خانه‌قینه‌ و یه‌کێکه‌ له‌و که‌سانه‌ی، که‌ له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی مزگه‌وته‌کەوە‌ تاکو ئێستا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام نوێژی تێدا ده‌کات، خۆشحاڵی خۆی دەربڕیی، کە هاوڵاتیان خۆبەخشانە کار بۆ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە دەکەن.

 

فه‌رهاد ئیساعیل

 

هەروەها، شێخ نه‌جم‌ عه‌بدوڵا، به‌ڕێوبه‌ری تێبینه‌ری وه‌قفی سونی له‌ خانه‌قین به‌ ڕۆژنیوزی وت: وه‌کو وه‌قفی سونه‌ ئاگاداری وتار خوێن و پێش نوێژی مزگه‌وتی عومه‌ری کوڕی حه‌فسه‌مان کردووه‌ نوێژکردن له‌حه‌ره‌می گه‌وره‌ی مزگه‌وته‌گه‌ ڕابگرێت، تا ئەو کاتەی نۆژەنکردنەوەکە تەواو دەبێت، چونکه‌ مه‌ترسیی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بومه‌له‌رزه‌که‌ دووباره‌ ببێتەوە زیان بە نوێخوێنان بگەیەنێت.

 

شێخ نه‌جم‌ عه‌بدوڵا

 

شێخ نه‌جه‌م عه‌بدوڵا، وتیشی: به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌کەوە‌ پێنچ مزگه‌وت له‌ خانه‌قین زیانی پێگه‌یشتووه،‌ که‌ یه‌کێک له‌ مزگه‌وته‌کان شوێنه‌وارێکی دێرینه‌ و مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی ١٩٠١ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ده‌بێت فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌وار نۆژه‌نی بکاته‌وه‌.

 

 

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin