Smiley face
Smiley face
Smiley face

پاژک: لە چلەمین ساڵی تێکۆشاندا سیستمی ئیمرالی تێکدەشکێنین

2017-11-24 15:39:10



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان- پاژک ڕایگەیاند، لە چلەمین ساڵیادی دامەزرانی پەکەکەدا سەرەکیترین ئامانج ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکەیە.

 

کۆردیناسیۆنی پاژک، ئەمڕۆ بە بۆنەی چلەمین ساڵیادی دامەزرانی پەکەکەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا یادی شەهید دەلال ئامەد و هەموو شەهیدانی بەستای کردەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها تێکشکاندنی سیستمی ئیمرالی وەک ئامانجی سەرەکی ساڵی داهاتوو ڕاگەیەندراوە.

 

پاژک ڕایگەیاند: پەکەکە حزبی شەهیدانە، شەهیدان وایان کردووە پەکەکە ببێتە خاوەنی گیان و ئیرادە، ئەوان پیشانیانداوە کە ژیان و تێکۆشان چۆنن، شێوازی ژیانی تێکۆشەران و فەلسەفەی ژیانی فەرماندە پێشەنگەکانیان پیشانداوە، ئێمە درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدەکانمانین، بەڵین دەدەین، کە ڕێبازی شەهیدان بگرینە بەر هەتاکو سەکەوتن و شۆڕش.

 

لە بەردەوامیدا ڕاگەیەندراوە: چلەمین ساڵی حزبەکەمان نەک تەنیا بۆ ئەندامانی پەکەکە، بەڵکو بۆ هەموو ژنان و هەموو گەلەکەمان  بە واتای لە دایکبوونی ئازادییە، بە ورەی بەرز و ڕۆحییەتێکی شۆڕشگێرانەوە پێشوازی دەکەین لە چلەمین ساڵیادی حزبەکەمان و جارێکی دیکە ئەو ڕۆژە لە ڕێبەرایەتی و لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی پاژکدا هاتووە: ڕێبەر ئاپۆ لە سەر بنەمای مافی ڕەوای بەرگری لە خۆ و بە ئایدیۆلۆژی سۆسیالیزمەوە، مزگێنی ئازادی ژنی ڕاگەیاند، مێژووی تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی لە دامەزرانی پەکەکەوە دەستپێدەکات، بەو ئایدیۆلۆژییەوە پەکەکە و پاژک خۆیان لە عەقڵییەتی دەسەڵاتدار و پیاوسالار جیا کردووەتەوە و ڕزگارکردنی ژنیان وەک ناوەندی خۆیان دیاری کردووە.

 

هەروەها ڕاشگەیەندراوە: پەکەکە و پاژک لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا نەک تەنیا بوونەتە حزبی گەلی کورد، بەڵکو بە پێشەنگایەتییان بۆ تێکۆشان دژی سیستمی کاپیتالیستی بوونەتە ئاڵاهەڵگری سیستمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هیوای ئازادی، ئاشتی، دیموکراسی، یەکسانی و دادگەری بە هەبوونی پەکەکەوە شین بوون، هەر ئەوانەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەنە بەهەشت بۆ گەلان.

 

پاژک ئاماژەی بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالانیش داوە و ڕایگەیاندوە: لەم دۆخەدا کە گۆشەگیری بە سەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێندراوە، کە هۆکاری ژیانمانە، ئەرکمان ئەوەیە کە لە چلەمین ساڵییادی دامەزراندنی پەکەکەدا، سیستمی ئیمرالی تێک بشکێنین و ڕێبەرایەتی ئازاد بکەین.

 

لە کۆتاییشدا ڕاگەیەندراوە: باش دەزانین، کە ئەگەر تەنانەت ئەندامانی پەکەکە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا کەموکوڕیان هەبێت، گەلەکەمان قەرەبووی دەکەنەوە، لە بەرامبەر دوژمنی فاشیستدا پێویستە بەرخۆدان بەرفراوانتر بکرێتەوە تا ئەو کاتەی سەرکەوتنی گەورە بە دەست دێت.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin