Smiley face
Smiley face
Smiley face

سلێمانی، چلەی ڕێزلێنان لە شەهید باهۆز تۆڵهەڵدان بەڕێوەچوو.. بەوێنە

2017-11-22 16:19:13



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد

 

لە شاری سلێمانی، مەراسیمی چلەی ڕێزلێنان لە شەھید باھۆز تۆھەڵدان، گەریلایەکی ھەپەگە بەڕێوەچوو، برای شەھیدەکەش لە مەراسیمەکەدا دەڵێت:"جێگەی شانازی بوو بۆ ئێمە کە براکەم لە پێناوی بەرپرسێکی گەندەڵدا شەھید نەبوو، بەڵکو لە ڕێگای کوردستان-دا شەھیدبوو".

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ھۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، کۆمیتەی خانەوادەی شەھیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، مەراسیمی چلەی ڕێزلێنان لە شەھیدی ھەپەگە هەڤاڵ جەعفەر ناسراو بە باھۆز تۆڵهەڵدان، ڕێکخست.

 

 

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەھید باھۆز و شەھیدانی ڕێگای ئازادی گەلی کورد  دەستیپێکرد، پاشان مۆم لەلایەن خانەوادە و هەڤاڵانی شەھید باھۆز-ەوە داگیرسێنرا.

 

وەھاب ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەھیدانی پەکەکە لە باوشوری کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: تێکۆشانی شەھیدان ئەرکی ئێمەیە کە درێژە پێدەری بین، بۆ ئەوەی تێکۆشان و خەباتی شەھیدانمان کە پێکیان ھێناوە، پێویستە تێکۆشانمان بکەین بەیەک، ئەرکی خۆ ڕێکخستن و خۆ پەروەردە کردن ھیوای گەل دروست دەکات و خەونی شەھیدانمان دەھێنێتە دی.

 

(وەهاب ئەحمەد)

 

نەجیبە عومەر، ھاوڕێی شەھید باھۆز لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: شەھید باھۆز وەک ھەستێکی بەرپرسیارێتی بۆ منداڵ، گەنج و گەلی کورد چەکی ھەڵگرت و دەستی بە تێکۆشان کرد، بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی بە خەبات کرد، شەھید باھۆز خاوەنی گەروەترین ھەڵوێست بووە، ھیچ کاتێک چاوی نەترساوە لەبەرامبەر ئەو کارانەی کە دەسەڵات و دوژمنان بەرامبەر بە کورد و گەنجی کردوویانە

 

(نەجیبە عومەر)

 

نەجیبە عومەر، وتیشی: شەھیدبوونی ھەڤاڵ باھۆز لە باکوری کوردستان واتایەکی زۆر گرنگە، شەھید باھۆز ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە داگیرکاری دەوڵەتی تورک تەنھا دوژمنی کورد نەبووە لە باکوری کوردستان، بەڵکو دوژمنی ھەموو گەلی کوردە، کوردستانی لەلایەنی ئابووری، کەلتوری و خاکەوە داگیرکردووە، کە زیاد لە ١٨ سەربازگەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە ھەرێمی کوردستان کاتی تێکۆشانی فیکر و زەھنیەت ھەیە، دەبێت کوردستان لە دەسەڵاتی میلیگەرایی و بنەماڵەگەرایی و گەندەڵی ڕابماڵرێت و گەنجان دەست بە تێکۆشان بکەن.

 

هەر لە مەراسیمەکەدا، ئازاد عومەر، ھاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: لە کاتێکدا کە گەلەکەمان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان لە ئازار و مەینەتیدایە و دوژمنانی کوردستان ھەوڵی داگیرکاری دەدەن، کۆمەڵێک کەسانیش لەبەر بەرژەوندی خۆیان ڕێگای وڵاتانی دەرەوەیان ھەڵبژارد، بەڵام باھۆز دەستی دایە چەک و ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی گرتەبەر.

 

(ئازاد عومەر)

 

دواتر، سلێمان عەرەب، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە، لە باشوری کوردستان، لە مەراسیمەکەدا، وتی: ژیانی ئازاد بەرھەمی خوێنی شەھیدانە، شەھید نرخی ھەرە پیرۆزی دۆزەکانە، خاوەنداری کردن لە خوێنی شەھیدان و دۆزی شەھیدان، خاوەنداری کردنە لە دۆزی گەل، شەھیدان خوێنی خۆیان لەبەرامبەر ئازادی و فکر دەدەن، لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەر دیموکراسی و ژیانێکی ئازاد ھەبێت، ئەوا بەھۆی خوێنی شەھیدانەوە بووە".

 

(سلێمان عەرەب)

 

لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، کەمال حەسەنی شاعیر، شیعرێکی پێشکەش بە ڕۆحی شەھید باھۆز تۆڵهەڵدان کرد.

 

پاشان لە ڕێگای داتاشۆوە، کورتە فیمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەھید باھز تۆھەڵدان نمایشکرا.

 

 

دواتر، بڕوانامەی شەهادەتی شەھید باھۆز تۆڵهەڵدان، لەلایەن کوڕە شەھیدێکەوە پێشکەش بە ھەندرێن جەعفەر برای شەھید باهۆز کرا.

 

 

دوای وەرگرتنی بڕوانامەی شەهادەتی شەهید باهۆز، ھەندرێن جەعفەر حەمەخان، برای شەھید باھۆز تۆڵهەڵدان لە مەراسیمەکەدا وتی: جێگەی شانازی بوو بۆ ئێمە، کە براکەم لە پێناوی بەرپرسێکی گەندەڵدا شەھید نەبوو، بەڵکو لە ڕێگەی کورد و کوردستاندا شەھید بوو.

 

(هەندرێن جەعفەر)

 

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، سەروەر سامان، ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، بڕیاری بەشداربوونی ڕیزەکانی گەریلای دا و لە وتارێکیشدا وتی: بەڵێن دەدەمە شەھید باھۆز کە چەکەکەی ھەڵبگرم و تێبکۆشم لە ڕێگای ئازادی کوردستان.

 

(سەروەر سامان)

 

ھەڤاڵ جەعفەر حەمە خان، کە لە شار بە چالاک جیڤارا بە شاخیش و ناسراو بە باھۆز تۆڵھەڵدان، لە ١٨⁄٢⁄١٩٩٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، لە ٢٠١٣ بەشداری لە ڕێزەکانی ھێزەکانی پاراستنی گەل-ھەپەگە بووە، لە ١٧⁄٩⁄٢٠١٧ لە ناوچەی بۆتان-ی سنووری شاری شرناخی باکوری کوردستان،لە چالاکییەکی گەریلاکاندا شەھیدبوو.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin