Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئێڤار ئیبراهیم: دەمانەوێت لە پۆستەکاندا ٥٠ بە ٥٠ بین لەگەڵ پیاو

2017-11-22 08:59:50



ڕۆژنیوز - قه‌ره‌چوغ ئه‌نوه‌ر

 

ئێڤار ئیبراهیم، سەرۆکی لیژنەی داکۆکییکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی هەرێم، دەڵێت، کە سەرقاڵی چاککردنی سیستمی کۆتاکان-نین، بەجۆرێک ئەوەی لە پەرلەمان هەیە لە پۆستی فەرمانگەکانیشدا هەبێت، دەشڵێت: ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ خواستی ژنی له‌سه‌ر نییه و ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ پیاو ٥٠ به‌ ٥٠ بین.

 

لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک بەناوی (لیژنه‌ی داکۆکیکردن له‌مافی ئافره‌تان) هەیە، کە لە حەوت ئەندام پێکدێت و پێنج-یان ژن و دوو ئەندام-یشیان پیاون.

 

سەبارەت بە کاری ئەو لیژنەیە بۆ ژنان، ئێڤار ئیبراهیم، سه‌رۆکی لیژنه‌ی داکۆکیکردن له‌مافی ئافره‌تان، به‌ ڕۆژنیوزى وت:"کارى ئێمه‌ ده‌رکردنى یاسا و چاودێریکردنییه‌تى، له‌و چوارچێوه‌شدا هه‌وڵى جدیمان بۆ پرسه‌کانى ژنان داوه‌، نمونه‌ى ئه‌وه‌ش له‌هه‌وڵى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانین به‌جۆرێک ژنان زیاتر مافه‌کانیان پارێزراوبێت، هه‌روه‌ها هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى بارى که‌سێتى ٢٠٠٨ به‌تایبه‌ت بڕگه‌ى فره‌ژنى".

 

ئێڤار، وتیشى: سه‌رقاڵی چاره‌سه‌رکردنى پرسى کۆتاى ژنانین  به‌جۆرێک ته‌نها کورسیه‌کانی په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان ٣٠% بۆ ژن نه‌بێت، پێویسته‌ به‌یاسا هه‌مان ڕێژه‌ بۆ پۆستی فه‌رمانگه‌ حکومیکانیش بۆ ژن بێت.

 

ناوبراو، وتیشی: ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ لەبارەی پۆستەکانەوە خواستی ژنی له‌سه‌ر نییه،‌ چونکه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ پیاو ٥٠ به‌ ٥٠ بین.

 

ئێڤار ئیبراهیم، ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى ڕێکخراوه‌کانى ژنان کرد و وتى:"پرسى ژنان پێویستى به‌کارى جدیى هه‌یه‌، هه‌ندێک له‌ ڕێکخراوه‌کان کاریان بۆ پرسى ژنان کردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێک ڕێکخراویش له‌ ژێرچه‌ترى حزبدا هێنده‌ى خه‌ریکى کۆکردنه‌وه‌ى نفوسى حزبین هێنده‌ ئاگایان له‌پرسى ژنان نییه‌ و زۆرێکیش له‌ ڕێکخراوه‌کان به‌ناوى پرسى ژنانه‌وه‌ خه‌ریکى بزنس-ن و له‌وڵاتان پاره‌ کۆده‌که‌نه‌وه‌".

 

ناوبراو، ئاماژه‌ى به‌نه‌بوونى یاساى تایبه‌ت به‌ بازرگانییکردن به‌مرۆڤه‌وه‌ کرد و وتى: ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووى شه‌ڕى داعش بووینه‌وه‌ به‌هه‌زاران ژنمان له‌لاى داعش به‌دیلگیران و بازرگانیان پێوه‌کرا، بەڵام لە پەرلەمان یاسایەکی تایبەت ڕێگرییکردن لە بازرگانییکردن بە مرۆڤەوە نییە.

 

سەرۆکی لیژنەی داکۆکییکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە مەترسییەکی تری نەبوونی ئەو یاسایە کرد و وتی: نەبوونی ئەو یاسا تایبەتە و خراپى بارای داراییى، بووەتە هۆی ئەوە، کە خه‌ڵک په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر فرۆشتنى ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌یان.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin