Smiley face
Smiley face
Smiley face

هەولێر پلەی یەکەم وەردەگرێت لە ئامارەکانی توندوتیژیی دژ بە ژناندا

2017-11-22 08:58:06



ڕۆژنیوز - مارى به‌کر

 

بەپێی ئامارێک، حاڵەتەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە ئەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی پار 42.5 %  زیادییکردووە و زۆرترین حاڵەتەکانیش لە مانگی حەوت و هەشت-دا تۆمارکراون، هەروەها بەرزترین ڕێژەی توندوتیژیی لە هەولێر تۆمارکراوە.

 

لە هەرێمی کوردستان بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، ئامارەکانی توندوتیژیی دژی ژنان لە بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگەکانی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچکەی سۆران وەردەگرێت و بڵاویان دەکاتەوە.

 

ئەو حاڵەتانەی بەڕێوبەرایەتییەکە وەک توندوتیژیی دەستنیشانی کردوون بریتن لە: سکاڵا تۆمارکردن، کوشتن و خۆ کوشت، سوتان و خۆسوتاندن و ده‌ستدرێژى سێکسى.

 

هەرچەندە ئێستا لە ڕۆژەکانی کۆتایی مانگی 11 داین، بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکە تەنیا ئاماری نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردووتەوە، ڕۆژنیوز پەیوەندی بەو سەرجەم ئەو بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگانەوە کرد، بەڵام نە بەڕێوبەرایەتی گشتی و نە فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییەکانی دیکە ئامادەنەبوون ئاماری مانگی 10 و ئەم 21 ڕۆژەی مانگی 11 بڵاوبکەنەوە.

 

ئەمە جگەلەوەی، بەهۆی ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە هەتا ئێستا بەڕێوبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان-ی تێدا نییە، ئامارەکە توندوتیژییەکانی ئەو پارێزگایە دەڕواتەوە بەڕیوبەرایەتی سلێمانی و لەسەر سلێمانی حساب کراوە.

 

به‌پێى ئامارەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، له‌ مانگى یه‌کی ئەمساڵدا  683 حاڵه‌تى توندوتیژیى لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و له‌دوای سکاڵاکان، که‌ زۆرترین حاڵەتن، سوتان و خۆسوتاندنن پلەی دووەمیان وەرگرتووە.

 

 

لەو ژمارەیەش، هەولێر ڕێژه‌ى %34، دهۆک  %21، سلێمانی  %24 ، گەرمیان %10 ، ڕاپەڕین %6  سۆران %3 –ی بەرکەوتووە، زۆرترین حاڵه‌تى ده‌ستدرێژیى سێکسی-ش له‌ دهۆک بووه‌، هه‌روه‌ها زۆرترین حاڵه‌تى سوتان و خۆسوتاندن له‌ هه‌ولێر بووه‌.

 

له‌مانگى دوودا، ژماره‌ى توندوتیژیى تۆمارکراو 717 حاڵه‌ته‌ و له‌دوای سکاڵاکان، له‌م ژماره‌یه‌ زۆرترینیان سوتان و خۆسوتاندن و ده‌ستدرێژى سێکسى-ن.

 

 

هه‌ولێر ڕێژه‌ى %32.9  و دهۆک %25 و سلێمانى % 22 و  گه‌رمیان %8 و ڕاپه‌ڕین %6  و سۆران %4 ی حاڵەتەکانی توندوتیژییان بەردەکەوێت. 

 

له‌ مانگى سێ‌ دا 651 حاڵەتی توندوتیژیی تۆمارکراوە، بێجگه‌ له‌ سکاڵاکان، زۆرترینیان سوتان و خۆسوتاندن و ده‌ستدرێژى سێکسی-ن، له‌م ژماره‌یه‌ش هه‌ولێر ڕێژه‌ى %34  و دهۆک %28 و  سلێمانى %20 و گه‌رمیان %8 و  ڕاپه‌ڕین %5 و سۆران %3 یان به‌رده‌که‌وێت و زۆرترین حاڵه‌تى ده‌ستدرێژیى سێکسى له‌ دهۆک و سوتان و خۆسوتاندن له‌ هه‌ولێر تۆمارکراون.

 

 

به‌پێى ئاماره‌که‌، له‌ مانگى چواردا ژماره‌ توندوتیژى تۆمارکراو 740  حاڵه‌ته‌ و له‌و ڕێژه‌یه‌ش %38ى له‌ هه‌ولێر، %22ى له‌دهۆک، %21ى له‌ سلێمانى، %6ى له‌گه‌رمیان، %6ى له‌ سنورى ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین و %4ى له‌ سۆران بووه‌، بێجگه‌ له‌سکاڵاکان، زۆرترینى حاڵه‌ته‌کانى سوتان و خۆسوتاندن له‌ هه‌ولێر و دهۆک بووه‌ و زۆرترین حاڵه‌ته‌کانى ده‌ستدرێژى سێکسى له‌ سلێمانى و سنورى ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین بوون.

 

 

هه‌روه‌ها له‌مانگى پێنج-دا، ژماره‌ى تۆمارکراوى توندوتیژیی بەرزبووەتەوە بۆ 998 حاڵه‌ت‌ و بێجگه‌ له‌سکاڵاکان، زۆرترینیان سوتان وخۆسوتاندنه‌، لەم مانگەشدا جارێکی دیکە هەولێر بەرزترین ڕێژەی بەرکەوتووە، کە ڕێژه‌ى %30 یە و % 25 له‌ دهۆک، %24 له‌ سلێمانى و %9 له‌ گه‌رمیان، %6 له‌ ڕاپه‌ڕین و %3 له‌ سۆران تۆمارکراوە.

 

 

ئاماره‌کان له‌مانگى شه‌ش دا دابەزیوە و 644 حاڵه‌تى توندوتیژیی تۆمارکراوه‌،  بێجگه‌ له‌سکاڵاکان، زۆربه‌یان کوشتن و خۆکوشتن و سوتان و خۆسوتاندن بوون و زۆرترینیان له‌ سلێمانى تۆمارکراون.

 

 

‌ بەگشتی لە ڕیژەی توندوتژییەکان-ی ئەو مانگەدا، %38 له‌ هه‌ولێر، %25 له‌ دهۆک، %19 له‌ سلێمانى، %8 له‌ گه‌رمیان، %7 له‌ ڕاپه‌ڕین و %3 له‌ سۆران بووه‌.

 

لەمانگی حەوت-دا ئاماری توندوتیژییەکان بۆ نزیکەی دوو هێندەی مانگی پێشووتر زیادییکردووە و بووە بە هەزار و 112 حاڵه‌ت، کە دوای ‌سکاڵاکان، زۆرترینى حاڵه‌ته‌کانى سوتان وخۆسوتاندنه‌ و لەو حاڵەتە هه‌ولێره‌ له‌ پله‌ى یه‌که‌م-دایە‌ و حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێکسى-ش بەدوای ئەوان-دا دێت، کە زۆرترین حاڵه‌تى له‌ سلێمانى بووه‌.

 

 

لەو مانگەدا %37 ی توندوتیژییەکان له‌ هه‌ولێر، %27 له‌ دهۆک، %19 له‌ سلێمانى، %8 له‌ گه‌رمیان، %4 له‌ ڕاپه‌ڕین و %2 له‌ سۆران تۆمارکراون.

 

له‌مانگى هه‌شت-دا ئامارەکانی توندوتیژیی هەر بە بەرزیی ماوەتەوە و زیادییکردووبۆ هەزار و 117 حاڵه‌ت، بێجگه‌ له‌سکاڵاکان، کە هەمیشە لە ڕیزبەندیی یەکەم-دایە، زۆرترینیان حاڵه‌تى خۆسوتاندن و ده‌ستدرێژى سێکسیی بوون، کە‌ بەزۆریی له‌ هه‌ولێر تۆمارکراون.

 

 

لەو مانگەشدا، ڕێژه‌ى %30ى توندوتیژییەکان له‌ هه‌ولێر، %22 له‌ دهۆک، %26 له‌ سلێمانى، %8 له‌ گه‌رمیان، %7 له‌ڕاپه‌ڕین و %3 له‌سۆران تۆمارکراون.

 

له‌ ئامارى مانگى نۆدا‌ ژماره‌ى توندوتیژییه‌ تۆمارکراوه‌کان کەمیکردووە بۆ 783 حاڵه‌ت،‌ له‌و ژماره‌یه‌ بێجگه‌ له‌ سکاڵاکان، زۆرترین حاڵەتیان سوتان و خۆسوتاندنه‌ و زیاترینیان لە هەولێر ڕوویانداوە.

 

 

هەروەها، لەکۆی گشتی حاڵەتەکان هەولێر ڕێژه‌ى %30، دهۆک %28، سلێمانى %22، گه‌رمیان %11، راپه‌ڕین %4 و سۆران %2ى به‌رکەتووە.

 

بەپێی ئەو ئامارانە لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2017-دا لە سنووری هەولێر، دهۆک، سلێمانی، سۆران، ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان  حەوت هەزار و 445  حاڵەت تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش هەولێر زۆرترین حاڵەتی بەرکەوتووە کە بریتییە لە دوو هەزار و 530 حاڵه‌ت.

 

لەدوای هەولێر، دهۆک پلەی دووەم وەردەگرێت لە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان و لەو ماوەیەدا هەزار و 876 حاڵه‌تی لێ تۆمارکراوە، له‌ سلێمانی-ش هەزار و 682 حاڵەت تۆمارکراوە و پلەی سێیەمی وەرگرتووە، هەروەها 656 حاڵه‌تیان له‌ گه‌رمیان و 441 حاڵه‌ت له‌ سنورى ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین و 260 حاڵه‌تیش له‌ سۆران بووه‌.

 

به‌وپێیه‌ش، ڕێژه‌ى گشتى توندوتیژییه‌کان له‌ هه‌ولێر 33.9 %، له‌ دهۆک 25.1 %، له‌ سلێمانى 22.2%، له‌ گه‌رمیان 8.8 % له‌ ڕاپه‌ڕین 5.9 % و له‌ سۆران 3.4 % بووه‌.

 

هه‌ر بەپێی ئەو ئامارە، ده‌رکه‌وتووه‌ لە نۆ مانگى یەکەمی ئه‌مساڵ-دا له‌ مانگى حه‌وت و هەشت زۆرتین حاڵەتەکانی توندوتیژیی تۆامرکراون، و زۆربه‌یان تۆمارى سکاڵا و سوتان و خۆسوتاندن و ده‌ستدرێژى سێکسییه‌.

 

هەروەها، لە نۆمانگى یه‌که‌مى ساڵى 2017 بەبەراورد بە ساڵی 2016 ژماره‌ى حاڵەتەکانی توندوتیژیی لە هه‌رێمى کوردستان زیادیکردووه‌ و‌ له‌ پێنج هەزار و 227 حاڵه‌ته‌وه‌ بووەبە حەوت هەزار و‌ 445 حاڵه‌ت و به‌مه‌ش توندوتیژیى له‌چاو ساڵى ڕابردوو دوو هەزار و 218 حاڵه‌ت زیادیکردووه،‌ واتا‌ به‌ ڕێژه‌ى 42.5 % توندوتیژییەکان له‌ 2017 دا زیاتربووه‌.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin