Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە پێنجوێن چالاكییەك بە بۆنەی ٢٥ ی نۆڤەمبەرەوە بەڕێوەچوو

2017-11-21 18:16:58



ڕۆژنیوز- هاوكار مستەفا

 

لە درێژەی چالاكییەكانی ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان-ڕژاك، بەبۆنەی ٢٥ ی نۆڤەمبەرەوە، لە شارۆچكەی پێنجوێن لە گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، تیایدا داوای نەهێشتنی توندوتیژییەكانی سەر ژنانیان كرد.

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە كەشێكی باراناویدا و لە ناوبازاڕی شارۆچكەی پێنجوێن، بە بەشداری ژمارەیەك لە ژنانی سنوورەكە، ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان-ڕژاك، بە دروشمی "توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان، هەوێنی هەموو شەڕەكانە"، گردبوونەوەیەكیان بە بۆنەی ٢٥ ی نۆڤەمەبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان ئەنجامدا.

 

 

لە گردبوونەوەكەدا، تانیا پێنجوێنی، ئەندامی ڕژاک، بەیاننامەی ڕێكخراوەکەیانی خوێندەوە، تیایدا هاتبوو:"ئەو ژنانەی كە لە ئەنجامی توندوتیژییەكان ژیانیان لەدەستداوە، لە ئەنجامی ئاقڵییەتی پیاوسالارییەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا، ئەوەی قوربانی گەورەی توندوتیژییەكانە ژنانن، چونكە تا ئێستاش ڕۆژانە هەواڵی كوشتن و ئازاردانی ژنان دەبیستین، لەسەروو هەموویشیانەوە، بە بارمتەگرتنی بە هەزاران ژنی شەنگالی لەلایەن چەتەكانی داعشەوە".

 

 

ئەوەش هاتبوو:"ئێمەی ژنان ناتوانین لەم بێدەنگییەی ئێستا بەردەوام بین، كە لە ئەنجامی توندوتیژییەكان لە باشوری كوردستان ژنان ڕووبەڕووی دۆخێكی خراپ بوونەتەوە، لە بچوكترین مافەكانیان بێبەش بوون، هەروەها تا ئێستا دیاردەی بەزۆر بەشوودان و دەستدرێژی سێكسی و دەیان دیاردەی تری دژ بە ژنان بەدرەوامە".

 

لەبەشێكی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئەوەش خرابووەڕوو:"بە گوێرەی ئامارەكانی ڕێكخراوەكانی بواری ژنان، لە ساڵێكدا ٦٧١ ژن لە باشوری کوردستان دەكوژرێت، بۆیە دەبێت بە هەموو لایەكمان دۆخەكە بەرەو ئاقارێكی باش ببەین".

 

هەر لەو گردبوونەوەیەدا، میترا پێنجوێنی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێكۆشەر، بەیاننامەیەكی خوێندەوە، تیایدا هاتبوو:"لە ٢٥ ی نۆڤەمبەر-دا، ژنان دەبێت بە كاروخەباتی خۆیاندا بچنەوە، زیاتر یەكگرتووبن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەكان كە دەكرێتە سەریان".

 

 

میترا پێنجوێنی، وتیشی:"شوێنكەوتنی ڕێبازی عەبدوڵا ئۆجالان، تاكە ڕێگاچارەی چارەسەركردنی گرفتەكانی ژنان و نەهێشتنی توندوتیژییەكانە".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin