Smiley face
Smiley face
Smiley face

مەسعود بارزانی: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم بڕیارێكی تاكلایەنە و سیاسییە

2017-11-20 20:38:17



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم، بڕیارێكی تاكلایەنە و سیاسییە و دەقە دەستوورییەكانی لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر كردووە.

 

ئەمشەو، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ڕێفراندۆم، لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق-ەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بارزانی وتوویەتی:"لە هەر دەوڵەتێكی فیدراڵیدا ئاساییە كە دادگایەكی فیدراڵی دەستووری هەبێت، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و ناكۆكییانەی دەكەوێتە نێوان هەرێمەكان و ناوەند، بەڵام كۆمەڵێك پرسیاری دەستووری و یاسایی جیددی هەیە، لەبارەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق و بڕیار و هەڵوێست و بێدەنگبوونەكانی لەماوەی ڕابردوودا".

 

مەسعود بارزانی، دەشڵێت:"دادگای فیدراڵی عێراق لە ماوەی كاركردنیدا لە بەرامبەر هەموو پێشێلكارییەكی دەستووری، كە حكومەتەكانی عێراق ئەنجامیان داوە بێدەنگی هەڵبژاردووە، لە بڕیاری بە نادەستووریزانینی ڕیفراندۆمیشدا، بە حەزی سیاسییەكان جوڵاوەتەوە و هیچ خوێندنەوەیەكی بۆ ئەو دەقە نەبووە، كە لە دیباچەی دەستووری عێراقدا هاتووە، كە "ان التزام بهژا الدستور یحفڤ للعراق اتحاده الحر شعبا و ارچا و سیادە "، ئەوە لە حاڵێكدایە كە زیاتر لە 55 ماددەی دەستووری پێشێلكراوە و حكومەتی عێراق پابەندی دەستوور نەبووە".

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە:"بۆچی ئەو دادگایە لە پێكنەهێنانی ئەنجومەنی ئیتحادی بێدەنگ بوو، كە دەبوایە بەپێی ماددەی 65ـی دەستوور دامەزرابا و ئەگەر ئەو ئەنجومەنە بوونی هەبوایە، دەستەڵاتی تەشریعی كامڵتر دەبوو و ڕێگەی لە تاكڕەوی و پێشێلكردنی مافی هەرێم دەگرت، بۆ چی ئەو دادگایە لە بەرامبەر جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 بێدەنگ بوو، كە دەبوایە لە كۆتایی 2007 جێبەجێ بكرایە، خۆ هەموو لایەك دەزانن جێبەجێنەكردنی ئەو ماددەی سەرچاوەی زۆرێك لە كێشەكان و بێ متمانەییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بوو".

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، مەسعود بارزانی باسی لەوەشکردووە:"دادگای فیدراڵی لە ماوەی كاركردنیدا لەو كردەوانە بێ دەنگ بووە، كە لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە، دەبێ ئەو دادگایە ئەوەیش ڕوون بكاتەوە كە بەپێی كام ماددەی دەستوور هەر لە شوباتی 2014 هەتا ئێستا كەسێك بە یەك ئیمزا بەشە بودجەی گەلی كوردستانی بڕیوە؟ كە بەپێی ماددەی 121 بڕگەی سێ، گەلی كوردستان مافی ئەوەی هەیە بودجەی شاییستە و دادپەروەرانەی هەبێت".

 

هەر لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، بارزانی دەشڵیت:"ئەو دادگایە بۆ چی ڕێگەی لەوە نەگرتووە كە هێزی چەكدار لەدژی خەڵكی كوردستان و بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسیەكان لە لایەن حكومەتی عێراق بەكار بێت، كە خۆی لە خۆیدا پێشێلكردنی ئاشكرای ماددەی 9ـی دەستوورە، كە نابێ هێزی چەكدار بۆ سەركوتكردنی گەلی عێراق بەكار بێت و دەست لە كاروباری سیاسی وەربدات، بۆ چی دادگای فیدڕاڵی هیچ بڕیار و هەڵوێستێكی نەبووە لەبەرانبەر كۆمەڵكوژكردن و ئازاردان و تۆقاندن و ئاوارەكردنی خەڵك لە كەركوك و خورماتوو و شوێنەكانی تر؟".

 

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، ڕایگەیاندووە:"بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ بڕیارێكی تاكلایەنە و سیاسییە و دەقە دەستوورییەكانی لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر كردووە و پێشێلكردنی 55 ماددەی دەستووری لە لایەن حكوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە، كە هەر ئەو پێشێلكردنە بوو گەلی كوردستانی هان دا بە پشتبەستن بە دەستوور مافی ئاسایی و یاسایی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتی مومارەسە بكات، جگە لەوەیش پێویستە هەموو لایەك بزانن هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە كە بتواندرێ دەنگی سێ ملیۆن مرۆڤ بە نادەستووری بزاندرێ، چونكە دەنگی گەل خۆی سەرچاوەی شەرعییەت و دەستوور و یاسایە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەیاس ساموک، وتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند:"دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیاری دا کە ئەو ڕیفراندۆمە کە لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان بەڕێوە چوو، نادەستوورییە".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin