Smiley face
Smiley face
Smiley face

حکومەتی هەرێم هانا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەبات

2017-11-20 15:43:44



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بۆ "دەستبەجێ بەگەڕخستنی هەوڵه‌کانیان بۆ هه‌ڵوه‌‌شاندنه‌وه‌ی ئەو سزا بەکۆمەڵەی، که حکومەتی عێراق سەپاندوویەتی بەسەر گەل و حکومه‌تی هەرێمی کوردستان".

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بۆ دەستبەجێ بەگەڕخستنی هەوڵه‌کانیان بۆ هه‌ڵوه‌‌شاندنه‌وه‌ی ئەو سزا بەکۆمەڵەی، که حکومەتی عێراق سەپاندوویەتی بەسەر گەل و حکومه‌تی هەرێمی کوردستان".

 

هەروەها، هاتووە:"ئەو سیاسەتە سزائامێزە کە لەلایەن بەغداوه‌ له‌ دژی هەولێر پەیڕەو دەکرێت،  پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێوەدەوڵەتییەکانە، له کاتێکدا که ئەرکی سەرەکی حکومەتی عێراق بریتیە لە پاراستنی هاوڵاتیانی عێراق به ئاورەکانیشەوە  و هەرەوەها پێویسته حکومەتی عێراق مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵگا بپارێزێت".

 

ئاماژە بە بەشێک لە سزاکان دراوە و هاتووە:"کەمکردنەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018 بە بێ ڕاوێژکردن له‌گه‌ڵ حکومەتی هەرێمی کورستان، داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و سنووردارکردنی گەشتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە و سزادانه بەکۆمەڵانه‌ی که دژ بە هاوڵاتییان ڕاگه‌یەندراون".

 

ئەوەش هاتووە:"ئەو سزادانانه بونەتە هۆی ڕێگریکردن لە هه‌وڵه‌کانی یارمەتی مرۆیی و پێداویستی رۆژانە بۆ زیاتر لە یه‌ک ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار  ئاوارە، کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان  هێناوە".

 

حکومەتی هەرێم، ڕاشیدەگەیەنێت:"سزا سەپێنراوەکان لەلایەن حکومەتی عێراقی بۆ گەشتی فرۆکەوانی بوەتە هۆی ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتییە نێودەوڵەتیەکان بۆ زیانلێکەوتوانی ئەو بوومەلەرزەی کە بە پلەی ٧.٣ هەرێمی کوردستانی هەژاند".

 

هەروەها، هاتووە:"بەبێ گەشتی فرۆکەوانی نێودەوڵەتی، کە زۆر گرنگە بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی، پێشبینی دەکرێت ئەگەری سەرهەڵدانی کۆچی هاوڵاتیان دەستپێبکاته‌وه".

 

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:"ئێمە داوا له کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق هانبدات بۆ ئەوەی بەبێ مەرج ئەو ئابلوقەیە هەڵگرێت، که له دژی هه‌رێمی کوردستان ڕاگه‌یەندراون، له نێویانیشدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆی دژ به هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل و سلێمانی".

 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە:"هەوڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگ دەزانین لە نێوەندگیریکردن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئابلوقەی ئاسمانی و سزا بەکۆمەڵەکانی تری سەپێنراو بەسەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بەدووربگرین لەو کاردانه‌وه نەرێنیانە لەسەر خزمەتگوزاری مرۆیی، بواری تەندروستی ، پەروەردە و خوێندن، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی هاوڵاتیان، بوارەکانی کار و داهات لە هەرێمی کوردستان".

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin