Smiley face
Smiley face
Smiley face

داوادەکرێت ڕێکخراوەکانی ژنان لەژێر ڕکێفی حزب دەربهێندرێن

2017-11-20 11:38:37



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى

 

ژمارەیەک چالاکوان، حزبی بوونی ڕێکخراوەکانی ژنان بە هۆکارێکی کاریگەرنەبوونیان لە کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان دەزانن و ئەندامی ڕێکخراوێکی حزبی-ش هاوڕایە و دەڵێت:"پێویستە لەژێر ڕکێفی حزبەکان دەربهێدرنێن و ببنە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ".

 

کاری ڕێکخراوەکانی ژنان، متمانەی ژنان بەو ڕێکخراوانە و چۆنیەتی چالاککردنیان و بنەبڕکردنی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنیوزدا دەخرێتە بەرباس.

 

بوشرا هه‌ڵه‌بجه‌یى، چالاکوانێکى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نییه‌ و لەبارەی پەیوەندی ژنان و ڕیکخراوەکان-ەوە  وتى:"ڕێکخراوه‌کانى تایبه‌ت به‌ ژنان متمانه‌یان نه‌ماوه‌ تاکو له‌کاتى کێشه‌وگرفته‌کانیان ژنان په‌نایان بۆببه‌ن، هه‌رچه‌ند ئه‌رکى ئه‌وانه‌ داکۆکى له‌ مافى ژنان بکه‌ن و گرفتى خێزانى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان بۆ چاره‌سه‌ربکه‌ن".

 

بوشرا هه‌ڵه‌بجه‌یى

 

بوشرا، هۆکارى کاریگه‌رنه‌بوونى ڕێکخراوه‌کان-ی له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى توندوتیژى سه‌رژنان ئاماژه‌پێکرد و وتى: ئه‌م ڕێکخراوانه‌ له‌چوارچێوه‌ى حزبدا دروستبوون و هه‌یمه‌نه‌ى سیاسیى زاڵه‌ بەسەریاندا و ته‌نها بۆ زۆرکردنى ژماره‌ى ڕێکخراو له‌حزبدا دروستبوون، ئه‌وکه‌سانه‌شى به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن هیچ پسپۆڕییه‌کیان نییه‌ له‌ بوارى داکۆکیکردنى مافى ژنان و ته‌نها کاربه‌ڕێده‌که‌ن، بۆیه‌ نه‌یانتوانیوه‌ جێگه‌ ده‌ستیان دیاربێت له‌ که‌مکردنه‌وه‌ى توندوتیژى سه‌ر ژنان.

 

هەروەها، نیان عه‌زیز، چالاکوانێکی دیکەی شارەکەیە و بە ئەرکی ڕێکخراوه‌کانى تایبه‌ت به‌ بوارى مافه‌کانى ژنان-ی زانی، کە‌ هه‌وڵى جدیى بده‌ن له‌ ڕێگه‌ى هۆشیارکردنه‌وه‌ى تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگا و وتیشی:"هه‌ندێک هه‌وڵدراوه‌، به‌ڵام وه‌ک پێویست کاریگه‌ریى نه‌بووه‌، له‌م ساڵانه‌ى دوایشدا به‌ بیانووى قه‌یرانى دارایى ڕێکخراوه‌کان چالاکییان که‌مکردووەتەوە".

 

نیان عه‌زیز

 

لە بەرامبەردا، سندوس حسێن، ئەندامی ڕێکخروای ئافرەتانی کوردستان لە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، ڕایگەیاند:"ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان چالاکی خۆیان ئەنجام داوە، بەشێک لەو چالاکییانە باش بوون و شوێنی خۆیان گرتووە لەهۆشیار کردنەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بەحزبی بونی ژمارەیەکی زۆر لەو ڕێکخراوانە وەک پێویست نەیان توانیوە بە ئەرکی خۆیان هەستن بتوانن چالاکی پێویست ئەنجام بدەن".

 

سندوس حسێن

 

سندوس، ڕاشیگەیاند:"ناکرێت ڕێکخراوەکانی تایبەت بەژنان لەژێر ڕکێفی حزبەکان بن، چونکە زۆر جار بەپێی سیاسەت و بیر و ئایدۆلۆژیای ئەو حزبانە دەجوڵێنەوە، ئەمەش بووەتە ڕێگر لەوەی ئەو ڕێکخراوانە بە ئەرکی سەرەکی خۆیان هەستن و پێویستە لەژێر ڕکێفی حزبەکان دەربهێرنێن و ببنە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ و تێبکۆشن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و کەم کردنەوەی ڕێژەی توندوتیژیەکان".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin