Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠: دەبێت هێزە چەکدارەکان لە کەرکوک نەمێنن

2017-11-19 15:34:55



ڕۆژنیوز – کەرکوک

 

ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق داوا دەکات، کە حەیدەر عەبادی قەرەبووی زیان لێکەوتوانی کەرکوک بکات و کار بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکە، دەشڵێت:"دەبێت چەکدارانی حەشدی شەعبی و حەشدی وەتەنی لە کەرکوک نەمێنن".

 

ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە چەند داواکارییەکیان ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.

 

لە بەیاننامەکەدا، ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠، داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، کە بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان بکات، لە دوای هێرشەکانی ١٦ی مانگی ڕابردوو.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا، هاتبوو: دەبێت هەرچی هێزێک هەیە بە ناوی حەشدی شەعبی و حەشدی وەتەنی لە پارێزگای کەرکوک بچنە دەرەوە، پاراستنی ئەمنییەتی شار و ناوچە دابڕێنراوەکان بسپێرن بە پۆلیسی ناوخۆ و پۆلیسی فیدراڵی.

 

هەر لە بەیاننەمەکەدا، ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠، داواشیان کردووە: هەرچی زووە ئەو بازگە و خاڵی پشکنینانەی سەر شەقامەکان هەیە هەڵبگیرێن و ئەم دیاردەیە نەمێنێت، هەڵکوتانە سەر ماڵە کوردەکان و پشکنینیان ڕابگرن بە زووترین کات.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، هاتووە: گرتن و تۆڵەسەندنەوە مایەی قبوڵ کردن نییە، بەتایبەت تۆڵەسەندنەوەی سیاسی و شەخسی، هەروەها گەڕاندنەوەی خێزانە ئاوارەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە بەر هاوڵاتیان کەوتووە.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا، ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠، داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، کە هەرچی بنکە و بارەگای حزبەکان هەیە تەسلیمی حزبەکان بکرێنەوە و کار و چالاکی بە پێی یاسا زامن بکرێت.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠، ئاماژەشیان بەوە دابوو: ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستووری زیندووە و کارکردن بە پێچەوانەی ئەم دەستوورە و واتە دژایەتی پارێزگای کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانە.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin