Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوڵاتیانی سەرپێڵ زەهاو: دڵسۆزی خەڵك بومەلەرزەكەی خەجاڵەت كرد

2017-11-18 17:05:08



ڕۆژنیوز - ئەفشین كوردی

 

لەناو شارۆچكەی سەرپێڵ زەهاودا، هاوڵاتیانی درووشمی "دڵسۆزی خەڵك بومەلەرزەكەی خەجاڵەت كرد" یان بەرزكردووەتەوە.

 

هاوڵاتیانی شارۆچكەی سەرپێڵ زەهاوی سەربە پارێزگای كرماشان، كە پشكی شێریان لە قوربانیانی بومەلەرزەكەی ئەم دواییانە بەركەوتووە، سوپاس و دڵخۆشی خۆیان بۆ كەمپەینەكان ڕادەگەیەنن.

 

هاوڵاتیانی ئەو شارۆچكەیە دەڵێن: ئامارەكان ڕاست نین و ئێمە نزیكەی ٥ هەزار كەسمان گیانی لەدەست داوە.

 

هەركە دەچیتە ناوەندی ئەو شارۆچكە خاپوربووەوە، دەبینیت هاوڵاتیانی كورد، فارس، تورك و بێ جیاوازی شارو تەمەن و مەزهەب، هاوكاریان هێناوە و پێشكەشی لێقەوماوانی دەكەن، بەو هۆیەشەوە درووشمی، "دڵسۆزیتان بومەلەرزەكەی خەجاڵەت كرد" دەڵێنەوە.

 

ئێستاکە هاوڵاتیانی زیندوو دەرچوو لەو كارەساتە، لەسەر شەقامەكان چادریان هەڵداوە و پێویستیان بە هاوكاری گەلی كوردستان و ئێرانە.

 

ئەوان ئێستاکە تەنها داوایان هاوكارییە سەرەتاییەكانی ژیانە و چاویان لە مرۆڤدۆستانە كە هاوكارییان بكەن لەم وەرزەدا كە سەرما تەنگی پێ هەڵچنیون.

 

شەوی یەکشەممەی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلەی رێشتەر لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی عێراقی دا، بەهۆیەوە لە باشوری کوردستان و لە شارۆچکەکانی دەربەندیخان و دەوروبەری و لە ڕۆژهەڵاتیش لە شارەکانی قەسری شیرین و سەرپێل زەهاو زیانێکی زۆریان لێ کەوت و هەزاران هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin