Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئاسایشی زنانە هەڵیکوتایە سەر بنکەی خۆبەخشی تەندروستی وارانی

2017-11-17 17:39:28



ڕۆژنیوز- بۆتان گەرمیانی

 

هێزێکی ئاساییشی شارەدێی زنانە، هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەی تەندروستی خۆبەخشی وارانی و هەوڵی ڕێگری کردنیان داوە لە کارکردنی بنکەکە، کە ماوەی ٢٢ ڕۆژە بە خۆبەخشانە چارەسەری پزیشکی بۆ ئاوارەکانی شارۆچکەی خورماتوو دەکەن.

 

کاتژمێر ٠٢:٣٠ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزێکی ئاسایشی شارەدێی زنانە-ی سەر بە شارۆچکەی کفری لە ئیدارەی گەرمیان، هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەی فریاگوزاری تەندروستی خۆبەخشی وارانی، لە گوندی وارانی سەر بە شارەدێی زنانە.

 

دکتۆر ئازاد قادر، ئەندامی تیمی خۆبەخشی فریاگوزاری بنکەی تەندروستی وارانی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"ئێمە لە ٢٦-١٠ی مانگی ڕابردوەوە ئەو بنکە تەندروستییەمان کردووەتەوە لە گوندی وارانی، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری پزیشکی بە ئاوارەکانی شارۆچکەی خورماتوو، تا ئێستا بە شیوازی خۆبەخشانە کارمان کردوە و ڕۆژانە نزیکی ١٥٠ نەخۆشمان چارەسەرکردووە".

 

(ئازاد قادر)

 

ئەوەشی خستەڕوو:"ماوەکەیەک لەمەوبەر ڕێکخراوی (ئای ئێن سی) کە ڕێکخراوێکە و هاوکاری پزیشکیییە، داوای لێکردین کە بە هاوبەشی کارمان لەگەڵ بکەن، ئێمەش ڕازی بووین و بەبێ کێشە پێکەوە خۆبەخشانە کاردەکەین، بەڵام تەندروستی گەرمیان دەڵێت پێویستە ئێوە لەو بنکەیە دەربچن و ئێمە کەسی خۆمان-ی لێ دەسبەکار بکەین، ئەوەیش لەپێناو بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بۆ ئەم پرسەش ڕێکخراوت (ئای ئێن سی) داوایان کرد کە سێ قۆڵی لە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی گەرمیان دابنیشین لەگەڵ دکتۆر سیروان بەڕێوبەری تەندروستی گەرمیان کۆببینەوە، بەڵام دکتۆر سیروان ڕێگەی نەدا من لەگەڵیان دابنیشم".

 

ئەو ئەندامەی تیمی خۆبەخشی فریاگوزاری بنکەی تەندروستی وارانی، دەشڵێت:"بەڕێوبەرایەتی توندروستی گەرمیان، بۆ بەرژەوەندی حزبی و شەخسی خۆیان، دەیانەوێت بنکەیەکی تەندروستی دیکە لە تەنیشت بنکەکەی ئێمەوە بکەنەوە و بنکەکەی ئێمە لە کاربخەن، چونکە پێیان وتین یان ئەبێ ئێمە بەدڵی خۆمان دکتۆر هەڵبژێرین بۆ بنکەکەتان، یان دایدەخەین پێتان، لە کاتێکدا شارەدێی زنانە نەخۆشخانەی لێیە و هێج گرنگییەکی پێ نادەن".

 

لەبارەی هەڵکوتانە سەریشیانەوە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شارەدێی زنانە-وە، دکتۆر ئازاد قادر، ئەندامی تیمی خۆبەخشی فریاگوزاری بنکەی تەندروستی وارانی، ڕایگەیاند:"ئەمڕۆ هێزێکی ئاسایشی زنانە هەڵیانکوتایە سەر بنکەکەمان، پێیان ڕاگەیاندین کە بڕیاری بەڕێوبەرایەتی تەندروستی و ئیدارەی گەرمیان-یان پێیە و ئەگەر ڕێگە نەدەن کە بنکەیەکی تەندروستی نوێ دروستبکرێت، ئەوا بە زۆر بنکە تەندروستییەکە دەکەنەوە".

 

د.ئازاد قادر، ئاماژەی بەوەشکرد:"لەو کاتەدا ئەو ئاوارانەی کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر هاتبوون بۆ بنکەکەمان، پێشیان لە ئاسایشەکان گرتوو پێیان وتن، کە ئەوان ڕێگا بە داخستنی ئەو بنکە تەندروستییە نادەن".

 

لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئیدارەی گەرمیان، فەرمانی بە ئاسایشی زنانە کردووە، بۆ هەڵکوتانە سەر بنکەی تەندروستی خۆبەخشی زنانە؟ سەڵاح کوێخا، سەرپەرشتاری ئیدارەی گەرمیان، بە ڕۆژنیوزی وت:"هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەم بابەتە نییە و هیچ پەیوەندیشی بە ئێمەوە نییە، بەڵکو دکتۆر سیروان محەمەد بەڕێوبەری تەندروستی گەرمیان بەرپرسە لەم بابەتە، بۆیە ناتوانم هیچ بڵێم".

 

(سەلاح کوێخا)

 

هاوکات، دکتۆر سیروان محەمەد، بەڕێوبەری تەندروستی گەرمیان، ڕتیکردەوە کە ئەوان بڕیاری داخستنی ئەو بنکە تەندروستییەیان دەرکردبێت و بە ڕۆژنیوزی وت:"شتی لەو شیوەیە بوونی نییە و ڕاست نییە و هیچ بڕیارێکی لەو شێوە لەلایەن منەوە دەرنەچووە و ئاگادار نیم، بەڵکو بنکەی تەندروستی خۆبەخشی وارانی ڕێگری لێکردووین کە دەرمان و پێداویستی بگەیەنینە ناوچەی داودە و شارەدێی زنانە".

 

(سیروان محەمەد)

 

بنکەی فرایاگوزاری خۆبەخشی تەندروستی وارانی، لە ٢٦-١٠-٢٠١٧ی بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە گوندی وارانی دامەزراوە، لەلایەن دکتۆرە میدیا هاڤیان، دکتۆرە ئەڵمانییەکەی قەندیل-ەوە بە خۆبەخشانە بەڕێوەدەبرێت، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکییە بە ئاوارەکانی شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin