Smiley face
Smiley face
Smiley face

شاندێكی حكومەتی عێراق سەردانی هەڵەبجەی كرد

2017-11-17 16:39:47



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

شاندێكی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد تاهیر، نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد، بەمەبەستی زانینی ئەو زیانانەی كە لە ئەنجامی بومەلەرزەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەر سنوورەکە کەوتووە.

 

ئەمڕۆ، شاندێكی حكومەتی عێراق و نێردراوی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەسەرۆكایەتی محەمەد تاهیر، نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، كە پێكهاتبون لە نوێنەری چەند وەزارەت و دامەزراوەیەكی حكومی، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد و لەگەڵ پارێزگار و جێگرەكەی و قایمقام و چەند بەرپرسێكی دیکەی حكومی شارەكە كۆبوونەوە.

 

 

دوای كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت، ڕایگەیاند:"ئەمڕۆ پێشوازیمان لە شاندێكی حكومەتی عێراقی كرد، كە نوێنەری چەند وەزارەت و مانگی سوری عێراقی پێكهاتبوون، بەتایبەت لە سێكتەرەكانی پەروەردە، تەندروستی، ئاو و بەرگری مەدەنی، بەمەبەستی لە نزیكەوە بینینی ئەو شوێنانەی كە زیانیان بەركەوتووە، لە ئەنجامی بومەلەرزەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوو".

 

 

ڕوونیشیکردەوە:"لە دانیشتنەكەماندا پێمان ڕاگەیاندن، کە هەر چەندە زیانی گیانی لە سنوورەكەمان-دا نەبووە، بەڵام زیانی مادی بە بینای ماڵان و حكومییەكان گەیشتووە، بەتایبەت لە شارەدێکانی بەمۆ، سیروان، بیارە و تەوێڵە و گوندەكانی دەوروبەریان".

 

عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، ئەوەشی خستەڕوو:"چەند ڕۆژێكە لیژنەكانمان ڕاسپاردووە، بۆ زانینی ڕێژەی زیانەکان، ئێستاش خستوومانەتە بەردەست ئەم شاندەی حكومەتی عێراقی، كە لە قۆناغی یەكەم-دا ئەركیان بەدەمەوەهاتنی سەرەتاییە و پاشان لە قۆناغی دووەم-یشدا قەرەبووی ئەو زیانانە بكەنەوە، چ ئەو بینایانەی كە موڵكی هاوڵاتیانە و ئەوانەشی كە موڵكی حكومەتن، چارەسەری تەواوی بریندارانیش دەكەن".

 

پاشان، محەمەد تاهیر، سەرۆكی شاندی حكومەتی عێراقی و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، وتی:"پاش ڕوودانی ئەو بومەلەرزەیە، سەرۆك وەزیرانی عێراق شاندێكی ڕاسپارد، كە سەردانی ئەو شوێنانە بكەن و پاش ئەوەی ڕۆیشتینە سلێمانی و دەربەندیخان، بەباشمان زانی ئەمڕۆش سەردانی هەڵەبجە بكەین و لە نزیكەوە قسە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری شارەكە بكەین و ڕێژەی ئەو زیانانەش وەربگرین، بۆ ئەوەی كار بكەین بۆ چارەسەركردن و قەرەبووكردنەوەی هاوڵاتیان و چارەسەركردنی بریندارانیش".

 

 

وتیشی:"ئەركی سەرشانی شاندەكەی ئێمە، تەنها خەمڵاندنی زیانەكانە و تۆماركردنیەتی، دواتر ڕادەستی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق-ی دەكەین، بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانە مادییەكان و چارەسەری برینداران و تەواوی زیانەكانی تر بكەنەوە، لە ڕێگەی دابینكردنی بودجەیەكی تایبەتەوە، كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵێنی جێبەجێ‌ كردنی داوە".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin