Smiley face
Smiley face
Smiley face

هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان ئاشکرا دەکرێت

2017-11-16 13:38:22



ڕۆژنیوز - مارى به‌کر

 

ژنێک پێیوایە، کە سەروەرنەبوونی یاسا بە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژیی سەر ژنان دەزانێت، ژنێکی دیکەش پێیوایە، کە ڕێکخراوەکانی ژنان نەیانتوانیوە وەک پێویست داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکەن، ئەندامی ڕێکخراویک-یش دەڵێت: نەهێشتنی توندوتیژیی تەنها بە رێکخراوەکان ناکرێت.

 

له‌گه‌ڵ زیادبوونى ژماره‌ى گروپ و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باشوری کوردستان، بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاودەکرێنەوە، تادێت ڕێژه‌ى توندوتیژیى سه‌ر ژنان زیاترده‌بێت.

 

له‌وباره‌یه‌وه‌، ئامینه‌ ئه‌حمه‌د، لێپرسراوى ناوه‌ندى سلێمانى کۆمه‌ڵه‌ى کوردستانێکى سه‌وز، کە تایبەتە بە ژینگە، ڕەخنەی لە ڕۆڵى ڕێکخراوه‌کانی ژنان گرت لە که‌مکردنەوە و نه‌هێشتنى توندوتیژیى و بە ڕۆژنیوزی وت:"ڕێکخراوەکان وه‌ک پێویست نه‌یانتوانیوه‌ داکۆکیى له‌مافى ژنان بکه‌ن".

 

ئامینه‌ ئه‌حمه‌د

 

ئامینە، وتیشی:"که‌مکردنه‌وه‌ى توندوتیژیى پێویستى به‌کارى مه‌یدانى و هه‌وڵدان هه‌یه‌، نه‌ک له‌ ژورێکدا و له‌ پشتى مێزێکه‌وه‌ دابنیشین و پێمانوابێت ده‌توانین کاریگه‌ریمان هه‌بێت".

 

ئامینه‌، ڕه‌خنه‌ى له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانى جێبه‌جێکردن و یاسادانان و لایه‌نه‌کانى په‌یوه‌ندیدار به‌ مافه‌کانى تاکه‌که‌س گرت و پێى وابوو، کە ئه‌وانیش نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌رکى خۆیان به‌جێبگه‌یه‌نن له‌ که‌مکردنه‌وه‌ى توندوتیژییه‌کان.

 

لە بارەی کاری ڕێکخراوەکانەوە، دڵسۆز زه‌نگه‌نه‌، چالاکوانى بوارى ژنان، بۆ ڕۆژنیوز وتى:"ناتوانم بڵێم ڕێکخراوه‌کان هه‌مووشتێکیان کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌دا که‌مته‌رخه‌مه‌ و هاوکاریى ناکات ژنان خۆیانن، که‌ به‌شدارنابن له‌ چالاکىی و داواکارى مافه‌کانیانى خۆیان نین".

 

دڵسۆز زه‌نگه‌نه‌

 

دڵسۆز، ڕەخنەی لە دەسەڵاتی دادوەریی حکومەتی هەرێم-یش گرت و وتی: یاسا سه‌روه‌رنییه، تاوانبار پشگیرى لێده‌کرێت و بکوژى ژن ئازاد ده‌کرێت، بۆیە نەبوونی سزا بووەتە پاڵنەر بۆ زیادبوونى توندوتیژیى.

 

لەبەرامبەر ڕەخنەکانی سەر ڕێکخراوەکان-دا، سه‌یوان ڕۆسته‌م، به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى یه‌کێتى ژنانى کوردستان به‌ڕۆژنیوزى وت:"ئه‌گه‌ر پێمانوابێت ڕێکخراو ده‌توانێت هه‌موو شتێک بکات ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ین، پرسى نه‌هێشتنى توندوتیژیى ‌ته‌نها بە لایه‌نێک ناکرێت، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات پلانێکى ستراتیژیى هه‌بێت و هه‌موو ڕێکخراوه‌کانیش به‌شداربن له‌ جێبه‌جێکردنیدا".

 

سه‌یوان ڕۆسته‌م

 

سه‌یوان، ئاماژه‌ى به‌ کارى ڕێکخراوه‌کان کرد و وتى: ئه‌گه‌ر مێژووى هه‌ر ڕێکخراوێک ته‌ماشاکه‌ین، چه‌ندین کاروچالاکى تێدایه‌ که‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى توندوتیژیى، به‌ڵام زۆرکات سنورداریى تواناى ڕێکخراوه‌کان وایکردووه‌ کاریگه‌رییان که‌مبێت.

 

سه‌یوان، ئاماژه‌ى به‌ دۆخى شه‌ڕ و نائارامى کوردوستان و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست کرد و بە هۆکاری بۆ زیادبوونى توندوتیژیی دژ بە ژنانی زانین و وتى: له‌کاتێکدا پلان و به‌رنامه‌ى نه‌هێشتنى توندوتیژیى جیبه‌جێده‌کرێت، کە که‌شێکى ئارام و سه‌قامگیر هه‌بێت، نه‌ک له‌ دۆخێکدا  کێشه‌ و ململانێ‌ کۆمه‌ڵگاى داگیرکردبێت.

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin