Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕەخنە لە بێ هەڵوێستیی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا دەگیرێت

2017-11-15 10:57:49



ڕۆژنیوز – هاوکار مستەفا

 

پەرلەمانتارێک دەڵێت، کە حکومەتی هەرێم جدیی نەبووە لە جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی سوپای تورک لە خاکی باشور، بۆیە ڕۆژانە بەچاوی خۆمان قوربانییەکان دەبینین، پەرلەمانتاریکی دیکەش دەڵێت: دەبێت حکومەتی هەرێم بە کردار سیاسەتی دەرەوەی بەرامبەر بە تورکیا بگۆڕێت.

 

دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە بۆردومان و تۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان و شەهیدکردنی هاوڵاتیان و ویرانکردنی گوندەکان.

 

لەوبارەیەوە، سالار مەحمود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە دەستدرێژییکردنە سەر خاکی باشوری کوردستان لە ئاسمان و زەوییەوە، بەهۆیشەوە پێشێلکارییەکی گەورەی مافی مرۆڤی لە گوندە سنورییەکانی باشور ئەنجامداوە.

 

سالار مەحمود

 

سالار مەحمود، وتیشی: تورکیا کۆمەڵێک مۆڵگە و سەربازگەی هێناوەتە باشوری کوردستان، لە کاتێکدا بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٣ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەبێت سوپای دەوڵەتی تورک خاکی باشوری کوردستان جێبهێڵێت، بەڵام حکومەتی هەرێم بۆخۆی جدیی نەبووە لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بۆیە ڕۆژانە بەچاوی خۆمان قوربانییەکان دەبینین.

 

ئەو پەرلەمانتارە، تیشکی خستە سەر ناردنی ئەو بەتانی و خێمانەی، کە تورکیا وەک هاوکاریی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە ڕەوانەی باشوری کرد و وتی: ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستییەتی و دەیەوێت هاوکاریی خەڵکی باشوری کوردستان بکات، واچاکترە دەست هەڵبگرێت لە بۆردومانکردن و شەهیدکردنی خەڵکی بێتاوانی ناوچە سنورییەکان، هەروەها لەبری بەکارهێنانی دەستەواژەی (ناوچەی باکوری عێراق) با حکومەتی هەرێم ی کوردستان بەکاربهێنێت.

 

سالار مەحمود، وتیشی: سەیر لەوەدایە حکومەتی هەرێم بۆخۆی ئەم ڕاستییانە دەزانێت و خۆی لێ بێدەنگ کردووە، بەڵام بۆ کۆمەکێکی کەمی هاوکاری بەفەرمی سوپاسی دەوڵەتی تورک دەکات.

 

هەروەها، شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەو پەیوەندییەی کە پارتی بە ناوی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتی تورک دروستیکردووە پەیوەندییەکی بازرگانی و خێزانییە، بۆیە ئەمە وایکردووە کە دەوڵەتی تورک بەبێ‌ ترس هەرکات بیەوێت خاکی باشوری کوردستان بۆردومان بکات حکومەتی هەرێمیش بێدەنگ بێت. 

 

شێرکۆ حەمەئەمین

 

لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم-یشەوە، شێرکۆ حەمەئەمین، وتی: ئەو هەڵوێستانە زۆر شەرمنانە و لاوازن و زۆرجاریش هەر هەڵوێستی نابێت، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم بە کردار سیاسەتی دەرەوەی بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ‌ بەتایبەت تورکیا بگۆڕێت و لەسەر حسابی هیچ پارچەیەکی تری کوردستان پەیوەندییەکان بونیاد نەنەنێت.

 

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin