Smiley face
Smiley face
Smiley face

بۆردوومانەکانی توركیا و ئێران ژیانیان لە گوندنشیینەکانی سنور تاڵ كردووە

2017-11-15 10:05:04



ڕۆژنیوز- زاهیر ئیبراهیم

 

دانیشتوانی شارەدێی سیدەكان-ی سەر بە شارۆچكەی سۆران-ی سەر بە پارێزگای هەولێر دەڵێن: چەند ساڵێكە توركیا و ئێران بە پاساوی هەبوونی پێشمەرگەی دیموكرات و جارێك بە پاساوی هەبوونی پەكەكە ژیان و ئارامیان لێ تێكداوین، مەبەستیش تەنیا دژایەتیكردنی گەلی كوردە، چونکە ئەو ناوچەیە نە پەکەکەی لێرەیە .

 

چەند شەوێک لەمەوبەر، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر لە شارەدێی سیدەكان-ی سەر بە شاروچكەی سۆران-ی بە پارێزگای هەولێر، هاوڵاتییەكی تەمەن 25 ساڵان بە ناوی هیمداد عوسمان خێزاندار و خاوەن یەك منداڵ لە گوندی بەرمیزە گیانی لەدەست دا، كەسوكاری ئەو هاووڵاتییە بۆ ڕۆژنیوز باسی چۆنیەتی ڕووداوەكە دەكەن و نیگەرانن لە ڕژێمی توركیا و دەڵێن توركیا بە دۆست خۆی دەردەخات و بەردەوامیش هاوڵاتیانمان شەهید دەكات .

 

 

حاجی كەریم میرۆ، ڕیشپی گوندی بەرمیزە، لە كاتی بەرێوەچوونی پرسەی هیمداد عوسمان، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"لەو شوێنەی كە توركیا ئەو هاوڵاتییەی شەهید كرد، نە پەكەكەی لێیە و نە پێشمەرگەی دیموکرات، بەڵكو ئەوە پاساوی دوژمنە بۆ دژایەتیكردنی گەلی كورد، با توركیا و ئێران بزانن یەك پەكەكە و دیموكرات لەوشوێنە نییە، خۆشیان باش دەزانن، كەوایە بۆچی ژیانی ئەوگوندە سنورییانە وێران دەكەن؟ وەك دەزانن ماوەی چەندین ساڵە ژیانی گوندەكانیان لە خەڵك تاڵ كردووە".

 

 

ئەو ڕیشسپییەی گوندی بەرمیزە داواشی كرد:"دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان فشار بخەنە سەر توركیا و چیتر بە بیانووی هەبوونی بارەگاكانی پەكەكە بۆردوومانی گوندەكان نەكات، چونكە ئەو شوێنانە ئاوەدانی لێیە، جوتیاری لێیە، مەڕدارەكانی لێیە، نەك پەكەكە و دیموكرات، ئەو هاوڵاتییانە خەریكی ژیان و گوزەرانی خۆیانن، ئەی كوا ئەو دۆستایەتییەی توركیا باسی دەكرد؟ ئەی ئەوەنییە هەموو ڕۆژێک بۆردوومانی سنورەكانی كوردستان دەكات؟".

 

هەر لەناو پرسەكەدا کەمال عەبدوڵڵا، خاڵی هیمداد عوسمان باسی لە چۆنیەتی ڕووداوەكە كرد كە درەنگانی ئێوارەی دوێنێ هیمداد بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی چوەتە - گەلیەڕەش- كە ئاوەدانی لێیە و بەهیچ شێوەیەك پەكەكەی لێ نییە و لە كاتی گەڕانەوەی كەوتوەتەبەر بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، وتیشی:"بەپێی ڕووداوەكە هیمداد دوای ئەوەی دەنگی فڕۆكەی بیستوە، هەوڵیداوە خۆی لە ئۆتۆمبێڵ فرێبدا بۆئەوەی نەكەوێتە بەر بۆردوومانی فڕۆكە، بەڵام فریا نەكەوتووە".

 

 

کەمال عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد:"دوای ئەوەی كە دەنگی بۆردوومانی فڕۆكە هات، ئێمە پەیوەندیمان كرد بە هیمداد، بەڵام ژمارەكەی بەردەست نەبوو، دوای كەمێكی تر چاوەڕوان بووین هیچ هەواڵێكی نەبوو، بە ناچاری لەگەڵ خەڵكی گوند چوینە شوێنی بۆردوومانی فڕۆكەكە، کاتێک نزیك بووینەوە ئینجا زانیمان ئەوە ئۆتۆمبێڵی هیمدادە و خۆیشی تەرمەكەی یەك مەتر چۆنە ژێرگڵەوە".

 

كەمال مستەفا، ئامۆزای هیمداد، ئەویش هەر لەناو پرسەكەدا بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی:"ئەوەی توركیا بەرامبەر خەڵكی سەرسنورەكان دەیكات، ئەوپەڕی دوژمنکاریی و دژایەتیكردنی كوردە، چونكە هیچ ڕەوا نییە خەڵكی سڤیل بكاتە ئامانجی بۆردوومانەكانی خۆی، ئەو كوڕە گەنجە و ئەوانی تر هیچ تاوانێكیان نەبوو، هیچ پەیوەندیان بە پەكەكەوە، نەبوو، لە شوێنی قەدەغەكراویش نەبوون، بەڵكو پاساوێكە و مەبەستی توركیا دژایەتیکردنی گەلی كوردە".

 

 

ئەو ئامۆزایەی هیمداد باسی لەوەش كرد كە بۆردوومانكردنی گوندەكان بوەتە پیشەی بەردەوامی توركیا و ئێران، بە تایبەت گوندی بەرمیزە، چ بە تۆپ، چ بە بۆردوومانی فڕۆكە، چەند ساڵێكە ئارامی لێبڕاوە و ژیانی خەڵكی تاڵ كردووە.

 

 

جێگەی باسە کە دەڤەری برادۆست بەهۆی ئەوەی کە ناوچەیەكی سنورییە، بە پاساوی هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات، بەردەوام بوەتە ئامانجی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و تۆپبارانی تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا جگە لە شەهیدكردنی دەیان هاوڵاتی، هاوكات زیانی زۆریشی بە گوندەكان گەیاندووە، بە وتەی هاووڵاتیانیش لە ساڵی 2017 زۆرترین بۆردوومانی برادۆست كراوە.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin