Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئێران ڕێگا نادات هاوکاریی بگەیەندرێتە لێقەوماوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

2017-11-15 09:35:25



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار

 

بەرپرسێکى مەرزی نێودەوڵەتى پەروێزخان ڕایدەگەیەنێت، کە ئێران بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادات کۆمەک لە مەرزی پەروێزخانەوە بگەیەندرێتە لێقەوماوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرپەرشتیارێکی کەمپەینی کۆکردنەوەی کۆمەکیش دەڵێت: لەپەیوەندیداین بۆ ئەوەى ئەو کۆمەکەى کۆی دەکەینەوە بگاتە شوێنى مەبەست.

 

بڕیارە ئەمڕۆ، لە شارۆچکەى کەلاری ناوەندى ئیدارەى گەرمیان و چەند شارەدێیەکى دەوروبەری، ژمارەیەک گەنجى خۆبەخش لەڕێگاى کەمپەینێکەوە هاوکاریی و کۆمەک بۆ هاوڵاتیانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەدیارییکراویى  بۆ کرماشان و سەرپێڵ زەها کۆبکەنەوە، کە بە هۆی بومەلەرزەوە زیانێکى زۆریان بەرکەوتووە و ماڵ و جێگەی مانەوەیان نەماوە.

 

ئارام سایەخان، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى مەرزی نێودەوڵەتى پەروێزخان، بۆ ڕۆژنیوز وتى: ئێران بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابێت، کە لە مەرزی نێودەوڵەتى پەروێزخانەوە کۆمەک و هاوکاری بۆ خەڵکى لێقەوماوى ڕۆژهەڵات بەتایبەت کرماشان و سەرپێڵی زەهاو لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بڕوات.

 

ئارام سایەخان

 

ئارام سایەخان، وتیشى: کاربەدەستانى ئێران لە مەرزی نێودەوڵەتى پەروێزخان پێیان ڕاگەیاندین بە هیچ شێوەیەک کۆمەک وەرناگرین، چونکە "وەک ئێران پێویستمان بە کۆمەک و هاوکاریی وڵاتانى تر نیە، هەر کات پێویسمان بوو، بەشێوەیەکى فەرمى خۆمان داوا دەکەین، ئێران ڕێکخراوی فریاگوزاری خۆی هەیە"، بۆیە تا ئێستا  کاربەدەستانى وڵات ڕازى نەبوون کۆمەکى نێودەوڵەتى وەربگرن.

 

لەبەرامبەر وەڵامەکەی کاربەدەستانی ئێران-دا، ئازاد عوسمان، یەکێک لە سەرپەرشتیارانى کەمپەینەکە بە ڕۆژنیوزى وت: ئەوەمان بیستووە ئێران ڕێگا نادات هاوکاری و کۆمەک لە ڕێگاى مەرزی نێو دەوڵەتى پەروێزخانەوە ببرێتە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، بەڵام  گەرمیان  جیاوازە، چونکە بەشێکى خەڵکى ئێرە لەگەڵ خەڵکى کرماشان و بەتایبەت سەرپێڵ زەهاو خزمایەتى زۆر نزیک لەنێوانیاندا هەیە، بۆیە لەپەیوەندیداین بۆ ئەوەى ئەو کۆمەکەى کۆی دەکەینەوە بگاتە شوێنى مەبەست.

 

ئازاد عوسمان

 

شەوی ١٢ی ئەم مانگە بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٣ بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە و زۆرترین قوربانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەتایبەت سەرپێڵی زەهاو، ئەزگڵە، قەسری شیرین و سەلاسوباوەجانی بوو.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی ئێران ڕایگەیاندووە هەتا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی هەشت هەزار برینداربوون و ٣٠ هەزار خانوو و بینا ڕووخاون و ٧٠ هەزار کەس-یش بی ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و پێویستیان بە هاوکارییە، بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، کە قوربانییەکان زۆر لەوە زیاترن، حکومەتی ئێران ڕایگەیاندووە.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin